رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئیدارەی ترەمپ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە پشتیوانیی بەشێک لە کۆمارییەکان، پاکێجێکی نوێی هاوکاریی دارایی و سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسند کرد، کە وەک پەیامێکی تووند بۆ سەرۆکی رووسیا دەبینرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 226 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 195 دەنگی نەخێر، پڕۆژەبڕیاری ناردنی 1.8 ملیار دۆلار هاوکاریی بۆ کیێڤ و سەپاندنی سزای قورستر بەسەر مۆسکۆدا تێپەڕاند.
کۆمارییەکان یاساکەیان تێپەڕاند
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە 18 ئەندامی پارتی کۆماری (پارتی سەرۆک ترەمپ) لەگەڵ دیموکراتەکان دەنگیان بە پاکێجەکە دا. لە بەرامبەردا، ئیلهان عومەر، تاقە نوێنەری دیموکراتەکان بوو، کە دژی بڕیارەکە وەستایەوە.
مایکل مەککۆڵ، یەکێک لە نوێنەرە دیارەکانی کۆمارییەکان دوای دەنگدانەکە رایگەیاند: "ئەمە پەیامێکی بەهێزە بۆ ئۆکراینا کە ئێمە لە پشتیانین، هەروەها پەیامێکی روونیشە بۆ پووتین کە ئەمریکا دژی ستەمکاریی رووسیا وەستاوەتەوە."
سزای نوێ و تێپەڕاندنی "ڤیتۆی" سەرۆکی ئەنجوومەن
یاسا نوێیەکە نەک هەر هاوکاریی داراییە، بەڵکو سزای توەند دەخاتە سەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا و کۆتایی بەو لێخۆشبوونە کاتییانە دەهێنێت، کە ترەمپ پێشتر پەسندی کردبوون. نوێنەران لەرێگەی رێکاری یاسایی (Discharge Petition) توانییان مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بپەڕێنن و پڕۆژەکە بخەنە دەنگدانەوە.
بەربەستی کۆتایی؛ ڤیتۆی ترەمپ
دوای تێپەڕینی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئێستا بڕیارەکە ئاراستەی ئەنجوومەنی پیران کراوە، کە تێیدا پێویستی بە 60 دەنگی "بەڵێ" هەیە. ئەگەر لەوێش تێپەڕێت، دەخرێتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ترەمپ کە پێشتر رەخنەی تووندی لە ناردنی پارە بۆ ئۆکراینا گرتبوو، مافی "ڤیتۆ" بەکاربهێنێت و رەتی بکاتەوە.
ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا چووەتە پێنجەمین ساڵەوە. کیێڤ بەپەلە پێویستی بە چەک و تەقەمەنی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی مۆسکۆ، کە تەنیا رۆژی سێشەممەی رابردوو بووەتە هۆی کوژرانی 17 کەس لە ئۆکراینا.
هەرچەندە ئەمریکا لە ساڵی 2024 پاکێجێکی 60.8 ملیار دۆلاریی ناردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی سیاسی لە کۆشکی سپی، بەردەوامبوونی ئەو هاوکارییانە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


