رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئوسترالی بڕیاری رێگریکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەر پیاوێکی تەمەن 63 ساڵدا سەپاند، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە شازادەی نەرویج، ئینگرید ئەلێکساندەر و خێزانەکەیەوە نەکات، کە ئێستا لە زانکۆیەکی سیدنی دەخوێنێت.
رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی نیوتاون لە سیدنی، بەپێی فەرمانی (رێگریکردن لە تووندوتیژی) رێگە بە دەیڤد جەیمس کوک نادرێت بچێتە نێو کەمپی زانکۆی سیدنی، لە ئینتەرنێتدا بەدوای ناوی شازادە کچە تەمەن 22 ساڵەکەدا بگەڕێت یان پەیوەندی بە خۆی و خێزانەکەیەوە بکات.
کوک دوای دەرچوونی لە دادگە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، فەرمانەکە دوای ئەوە هاتووە کە کارتێکی بۆ شازادە ئینگرید ناردووە، کە دووەم کەسە لە هێڵی تەختی شاهانەی نەرویجدا.
کوک گوتی: "من تەنیا کارتێکم بۆ نارد و داوای هاوڕێیەتیم لێکرد، تەنیا هەر ئەوەندە. من بە ئەنقەست بە هیچ شێوەیەک نیگەرانم نەکردووە و کارێکی واش ناکەم. ئەو مرۆڤێکی باشە، لە بۆنەیەکدا تووشی بووم و دواتر کارتەکەم بۆ نارد."
دوای دەرچوونی لە دادگە، پۆلیسی نیو ساوس وێڵز کوکی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر وێنەگرێکی هەواڵ تۆمەتبار کرد، کە بەهۆیەوە وێنەگرەکە بە سووکی بریندارببوو. کوک بە کەفالەت ئازادکرا و بڕیارە لە 17ـی تەممووزدا بەهۆی ئەو تۆمەتەوە لە دادگە ئامادە بێت.
شازادە ئینگرید دوو ساڵە لە کەمپی زانکۆ لە سیدنی دەژی، ئەمەش بە مەبەستی خوێندنی کۆرسی سێ ساڵەی بەکالۆریۆس لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئینگرید، کچی شازادەی جێنشینی نەرویج هاکۆن و شازادە مێتێ ماریکە.

.jpg&w=3840&q=75)

