رووداو دیجیتاڵ ساڵی 2025 بۆ ئەڵمانیا بووە بە ساڵی شکاندنی ریکۆردی پێدانی وڵاتینامە؛ بەگوێرەی ئامارە نوێیەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بوونەتە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی بەراورد بە ساڵی پێشوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان وەک پێنج ساڵی رابردوو، لە پلەی یەکەمی وەرگرتنی وڵاتینامەدا دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی کە لەلایەن نووسینگەی فیدراڵیی ئاماری ئەڵمانیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2025دا نزیکەی 332 هەزار و 500 کەس وڵاتینامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە. ئەو ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 14% زیادی کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 40هەزار و 500 کەسی زیاتر. ئەمەش پێنجەم ساڵی لەسەریەکە کە پرۆسەی بەدەستهێنانی وڵاتینامە لەو وڵاتەدا روو لە زیادبوونە. کاریگەریی گۆڕانکاری لە یاساکاندا توێژەران و بەرپرسانی ئامار ئەم زیادبوونە بەرچاوە بۆ ئەو چاکسازییە ریشەییانە دەگێڕنەوە کە لە حوزەیرانی 2024 لە یاسای وڵاتینامەی ئەڵمانیادا کران. بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، ماوەی پێویست بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا وەک مەرجێکی وەرگرتنی وڵاتینامە لە 8 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ کەمکرایەوە. خاڵێکی دیکەی گرنگی یاساکە کە بووەتە هۆی زیادبوونی داواکارییەکان، رێگادانە بە "وڵاتینامەی دووەم"؛ واتە ئێستا کۆچبەران و پەناخوازان دەتوانن پاسپۆرتی ئەڵمانی وەربگرن بەبێ ئەوەی دەستبەرداری وڵاتینامە رەسەنەکەی خۆیان ببن. ئامارەکان دەری دەخەن کە زۆرینەی ئەوانەی لە ساڵی 2025 وڵاتینامەیان وەرگرتووە، وڵاتینامە کۆنەکەشیان پاراستووە. خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان؛ پێشەنگی وەرگرتنی پاسپۆرت وەک چۆن لە ساڵی 2021ـەوە بەردەوامە، هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان زۆرترین وڵاتینامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە. لە ساڵی 2025دا، 65 هەزار و 600 کەسییان بوونەتە ئەڵمان، ئەمەش واتە لە هەر پێنج کەس کە وڵاتینامەیان وەرگرتووە، یەکێکیان خەڵکی سووریا بووە. زۆرینەی ئەو هاووڵاتییانەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئەو کەسانەن کە لە شەپۆلی گەورەی کۆچی ساڵانی 2015 و 2016 گەیشتنە ئەڵمانیا و ئێستا مەرجە یاساییەکانیان جێبەجێ کردووە. هەرچەندە سووریاییەکان لە پلەی یەکەمدان، بەڵام ژمارەیان بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 21% کەمی کردووە. پلەکانی دیکە و نەتەوەکانی دیکە هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان بە پلەی دووەم دێن کە 34 هەزار و 100 کەسیان وڵاتینامەیان وەرگرتووە. رووسیاییەکانیش بە پلەی سێیەم دێن بە 19هەزار و 700 کەس. رێژەی وەرگرتنی وڵاتینامەیان بۆ هەریەکە لە هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان و رووسیاییەکان بەراورد بە ساڵی پێشوو 51% زیادی کردووە. هەرچی ئەوانەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، 13 هەزار و 545 کەس بوون و هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش 8 هەزار و 245کەسییان بوونەتە خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانیا. هەندێک نەتەوەی دیکە گەشەیەکی پێوانەییان لە وەرگرتنی وڵاتینامەدا تۆمار کردووە، لەوانە، بۆسنییەکان بە رێژەی 125% زیادیانکردووە و 8 هەزار و 800 کەسیان وڵاتینامەی ئەڵمانییان وەرگرتووە، ئەمریکاییەکان رێژەیان 100% زیکردووە و 6 هەزار و 600کەس بوونەتە ئەڵمان و رێژەی ئەلبانییەکانیش 97% زیادی کردووە و 6 هەزار و 100کەسیان وڵاتینامەیان وەرگرتووە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی "یاسای گەڕاندنەوەی ماف" (ئەوانەی لە سەردەمی نازییەکان وڵاتینامەیان لێ سەندرابووەوە و نەوەکانیان) وڵاتینامەیان وەرگرتووە، بە رێژەی 61% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 12 هەزار کەس. ماوەی مانەوە و رێژەی سەرکەوتن ئامارەکان دەری دەخەن کە 91%ـی ئەو کەسانەی وڵاتینامەیان وەرگرتووە، لانیکەم 5 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین. تەنیا هەزار و 500 کەسیان بەهۆی "سەرکەوتنی نائاسایی لە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی" توانیویانە لە کەمتر لە پێنج ساڵدا وڵاتینامە وەربگرن. تێکڕای ماوەی مانەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا پێش ئەوەی ببنە خاوەنی وڵاتینامە 12.4 ساڵ بووە، کە ئەمە کەمێک زیاترە لە ساڵی 2024 کە 11.8 ساڵ بووە. سەبارەت بە چارەنووسی داواکارییەکانیش، 90%ـی ئەو کەسانەی داوایان پێشکێش کردووە وڵاتینامەیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا 3%ـی داواکارییەکان رەتکراونەتەوە و ئەوانی دیکەش بەهۆی پاشەکشێی داواکار یان هۆکاری دیکەی وەک مردن یان جێهێشتنی وڵات، پرۆسەکەیان تەواو نەبووە.