رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆر باش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک. ترەمپ لە کۆشکی سپی گرژی و هێرشە دووقۆڵییەکانی ئەم دواییەی بێبایەخ پیشان دا و بە زمانێکی جیاواز پێناسەی ئاگربەستی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد.
رۆژی چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەست لەگەڵ تاراندا هێشتا بەردەوامە دوای هێرشەکانی سەر کوێت رایگەیاند، هێرشەکانی پێشوو هۆکاری خۆیان هەبووە.
دنەدانی ئێران و وەڵامدانەوەی لایەنەکان
کاتێک لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەستەکەوە پرسیاری لێکرا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئێرانی بەهۆی هێرشە بەهێزەکانی پێشووی ئەمریکاوە دنەدراون [تووڕەکراون].
ترەمپ رایگەیاند: "هەندێک کەس دەڵێن ئەوان کەمێک دنەدران چونکە ئێمە رێکارێکی بەهێزمان لەبەر هۆکارێکی جیاواز گرتەبەر. بۆیە، ئەوان وەڵامیان دایەوە."
وادیارە مەبەستی ترەمپ لە "وەڵامیان دایەوە،" هێرشەکەی دوێنێی ئێران بووە بۆ سەر کوێت و بەحرێن. وەڵامەکەی ئێران دوای هێرشێکی ئەمریکا بوو بۆ سەر کەشتیی ئێرانیی (لێکسی) لە دوورگەی قیشم.
ترەمپ بە شێوازێکی جیاواز دۆخی سەربازیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی روون کردەوە و گوتی، پێناسەی ئاگربەست لەو ناوچەیە جیاوازە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لەم ناوچەیەی جیهاندا، ئاگربەست واتە کاتێک بە شێوازێکی مامناوەندتر [نەرمتر] تەقە دەکەیت." ترەمپ دووپاتی کردەوە، دانوستاندنەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی کاتی و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئەتۆمیی نوێ لەگەڵ تاران بەردەوام پێشدەکەون، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەندین هەفتەیە پێشبینیی رێککەوتنێکی نزیک دەکات.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)