رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لەوەی مەترسیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چاو پێش دەستپێکردنی جەنگ "بەرەو خراپتر" چووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی نهێنی، پشکنینەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە رێژەی 50% کەمی کردووە و تاران خاوەنی بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی بەرزە.
ئاژانسی "بلومبێرگ" راپۆرتێکی نهێنیی 119 لاپەڕەیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تاران بە نهێنی خەریکی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی و مەترسییەکە ئێستا زۆر زیاترە وەک لەوەی پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە هەبوو.
بەرپرسانی رۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن، پێش هێرشە ئاسمانییەکانی حوزەیرانی 2025، پشکنەران هەفتانە چاودێریی وردی دامەزراوەکانی وەک نەتەنزیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو چاودێرییە نەماوە و کەس نازانێت ئێران چۆن ئەو ماددە ئەتۆمییانە بەکاردەهێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتە نهێنییەکە، ئێران ئێستا خاوەنی بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە زۆر نزیکە لە ئاستی سەربازی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. ئاماژە بەوەش کراوە کە پشکنەران زیاتر لە ساڵێکە نەچوونەتە ناوەندەکانی (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز)، کە دوایین جار نزیکەی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی ئاستی بەرزیان تێدا بووە.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە) نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، واشنتن لەم خولە نوێیەی دانوستاندنەکاندا ئاژانسەکەیانی پشتگوێ خستووە. گرۆسی هۆشداری دا: "هەر رێککەوتنێک کە ئێمە بەشدار نەبین و نەتوانین راستیی رێژەی یۆرانیۆمەکەی ئێران بسەلمێنین، دەبێتە رێککەوتنێکی خراپ."
ئەو ململانێیە کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت تاران ناچار بکات هەموو یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات یان بیباتە دەرەوەی وڵات. لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەخت لەسەر بژارەی سەربازی دەکاتەوە.
بڕیارە رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2026، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئاژانسەکە لە ڤیێنا بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی ئەتۆمیی ئێران، لە کاتێکدا بازاڕەکانی جیهان چاوەڕێی رێککەوتن دەکەن تاوەکو رێڕەوی وزە لە تەنگەی هورمز جێگیر بێت.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)