رووداو دیجیتاڵ
تێد کرووز، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێ، دەبێت "دروست" بێت و ئاماژەی بەوەش کرد پێویستە تاران هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات.
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، تێد کرووز بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر ئێران سوور بێت.
کرووز بە رووداوی گوت: "سەرۆک لە دیاریکردنی دوو هێڵی سووردا بەتەواوی راست بوو. یەکەم، هیچ پیتاندنێک لەلایەن ئێرانەوە نەبێت. دووەم، پێویستە ئێران هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا پێشبینی دەکات ئێران ئامادە بێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات؟ سیناتۆرە کۆمارییەکە گوتی: "تاوەکو ئێستا نەیکردووە، بەڵام پێموایە دەبێت بەردەوام بین لەسەر سووربوون لەسەر هەڵوێستەکانمان."
ئەم لێدوانەی کرووز لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەفتەی رابردوو بەو جۆرە بڵاوکرایەوە کە ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرسی ئەتۆمی دەبێ، بەڵام تاوەکو ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: پێتوایە لەگەڵ ئێران دەگەنە رێککەوتن؟
تێد کرووز، سیناتۆری ئەمریکی: نازانم، پێم وایە هەر رێککەوتنێک پێویستە رێککەوتنێکی دروست بێت، بەڵام داوام لە سەرۆک کردووە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی سوور بێت. ئەو بەتەواوی راست بوو لە دیاریکردنی دوو هێڵی سوور؛ یەکەم، هیچ پیتاندنێک نەبێت. دووەم، پێویستە ئێران هەموو یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات. پێموایە سەرۆک ترەمپ لەوەدا بەتەواوی راست دەکات.
رووداو: پێتوایە ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە رادەست دەکات؟
تێد کرووز: باشە، تاوەکو ئێستا نەیانکردووە، بەڵام پێم وایە دەبێت بەردەوام بین لەسەر سووربوون لەسەر هەڵوێستەکانمان.