رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا بە نیاز بوو رۆژی 06-06-2022 سەردانی سڕبیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەڵام چەند وڵاتێکی ئەوروپیی رێگەیان نەدا فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی رووسیا بە ئاسمانیاندا تێپەڕێت، بۆیە سەردانەکەی هەڵوەشایەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ. وەزیری دەرەوەی رووسیا بڕیار بوو ئەمڕۆ لە بێلگاردی پایتەختی سیربیا لەگەڵ ئەلکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی سربیا کۆببێتەوە. بەڵام وڵاتانی بولگاریا، مەسەدۆنیای باکوور و مۆنتینگرۆ رێگەیان نەدا فڕۆکەکەی لاڤرۆڤ بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا تێپەڕێت. بۆیە لاڤرۆڤ ناچاربوو سەردانەکەی بۆ سڕبیا هەڵبوەشێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەم رووداوەی بە "دەگمەن" بە ناوبرد و گوتی: "ئەگەر سەردانێکی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ سڕبیا لە لایەن رۆژئاواوە وەک هەڕەشەیەک لەسەر جیهان ببینرێت، ئەوە واتا شتەکان لە رۆژئاوا زۆر خراپن". هاوکات لاڤرۆڤ، نیکۆلا سیلاکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی سڕبیای بانگهێشتکرد سەردانی رووسیا بکات.
ماریا زاخارۆفا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی لە رووداوەکە کرد و گوتی: "وڵاتانی دەوروبەری سڕبیا بە نەهێشتنی تێپەڕبوونی فڕۆکەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، رێگایەکی دیکەی پەیوەندییان داخست". هەروەها یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆی تۆمەتبارکرد لە هەڵوێستی ئەم سێ وڵاتە.
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا 24-02-2022 دەستیپێکرد. رۆژی 02-03-2022 زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، ئەلبانیا، کەنەدا و ئەمریکا ئاسمانی خۆیان بە رووی هێڵە ئاسمانییە رووسییەکان داخست. هاوکات وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی ناتۆ چەندین گەماڕۆیان بەسەر رووسیا سەپاند.
سڕبیا یەکێک لەو 141 وڵاتە بوو کە رۆژی 02-03-2022 سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیای بۆ سەر ئۆکراینا کرد، بەڵام ئاسمانی خۆی بە رووی رووسیادا دانەخست. هەروەها تاکە وڵاتی یەكێتیی ئەوروپا بوو، کە پاڵپشتی لە گەماڕۆکانی سەر رووسیا نەکرد.
پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان سڕبیا و رووسیادا هەیە. رۆژی 17-02-2022 رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڤیتۆکردنی سەربەخۆیی کۆسۆڤا پاڵپشتی خۆی بۆ سڕبیا دەربڕی.
هەروەها رۆژی 29-05-2022 ئەلکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی سڕبیا پێش تەواوبوونی رێککەوتنە 10 ساڵییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، رێکەوتنێکی سێ ساڵەی بۆ هاوردەکردنی گازی سرووشتی رووسیا راگەیاند. بەپێی ئەو رێککەوتنەش رووسیا پابەندە ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ سڕبیا هەناردە بکات.


.jpg&w=3840&q=75)