رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ناچار بکرێت بگەڕێتەوە نێو جەنگ، ئەوا "ئێران چیدیکە بوونی نامێنێت"؛ ئەوەش دوای ئەوەی هەردوولا هێرشی توندیان کردە سەر یەکتر و ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوانیان کەوتە مەترسییەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "فڕۆکەکانی ئەمریکا پێگەکانی درۆن، مووشەک و راداری ئێرانییان پێکاوە، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن تارانەوە."
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند: "رەنگە بگەینە خاڵێک کە چیدیکە نەتوانین لۆژیکی بین و ناچار بین ئەو کارەی بە سەرکەوتوویی دەستمان پێکردبوو، کۆتایی پێ بهێنین. ئەگەر ئەوە رووبدات، کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدیکە بوونی نامێنێت!"
دوای هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی بۆردومانکردنی خاکەکەیان، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، هەشت دامەزراوەی گرنگی ئەمریکی لە بنکەی (عەلی سالم) لە کوێت و بنکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە (مینای سەلمان) لە بەحرێن تێکشکێنراون. سوپای پاسداران دەڵێت: "هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی تێکشکێنەری دەدرێتەوە."
بەحرێن ئێرانی بە "تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی" تۆمەتبار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین درۆنی ئێرانی پێگەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، لە نێوەراستی مانگی حوزەیراندا و بە نێوەندگیریی پاکستان، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا. لەو یاداشتنامەیەدا هەردوولا و هاوپەیمانەکانیان بەڵێنیاندا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکتر ئەنجام نەدەن و هێز بەکارنەهێنن.
هەروەها لەو رێککەوتنەدا، ئێران رازی ببوو تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ رێڕەوێکی ئارام و بێبەرامبەر بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە دابین بکات. بەڵام ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند کە رێکاری نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆ لە تەنگەکە دەگرنە بەر و "بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەکرێت کە سەرپێچی دەکەن."
رۆژی شەممە، سوپای ئەمریکا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک بۆردومانی چەند ئامانجێکی لەنێو خاکی ئێران کرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز کە ئەمریکا، ئێرانی پێ تۆمەتبار کردبوو.
سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممەی رابردووش هۆشداری دابوو کە رێگە نادەن هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەوان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتی عومان پێشنیاری رێڕەوێکی جێگرەوەی بۆ کەشتییەکان کردبوو. لە ئێستادا ئێران تەنیا رێگە بە تێپەڕین لەو رێڕەوە دەدات کە بەدرێژایی کەناراوەکانی وڵاتەکەیدا دەڕوات.



