رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا ریکۆردێکی نوێی گەرمای تۆمار کرد و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 41.7 پلەی سیلیزیی، کە ئەمە بەرزترین پلەی گەرمایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. فەرمانگەی کەشناسیی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم شەپۆلە تووندە بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک ریکۆردە مێژووییەکانی شکاندووە و باری نائاسایی لە چەندین ناوچە راگەیێندراوە.
رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی کەشناسیی ئەڵمانیا (DWD) بە ئاژانسی ئەسۆشیەتیدپرێس (AP)ـی راگەیاند، پلەی گەرما لە هەرێمی (براندنبێرگ) لە نزیک سنووری پۆڵەندا، گەیشتووەتە 41.7ـ؛ بەوەش ریکۆردی پێشووی شکاند کە تەنیا رۆژێک پێشتر لە ناوچەی (درێڤیتز) 41.5 پلە تۆمار کرابوو.
گەرمایەکی بەهێز لە ئەورووپا
پسپۆڕانی کەشناسیی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵکشانە خێرایەی پلەی گەرما نیشانەی تووندی ئەو شەپۆلە گەرمایەیە کە رووی لە ئەورووپا کردووە. ئەم دۆخە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی وزە و باری تەندرووستیی هاووڵاتیان، بەتایبەت کە پلەی گەرما لە شەودا بە بەرزی دەمێنێتەوە. ئێستا زۆربەی خەڵک بۆ رزگاربوون لەم گەرمایە روویان لە کەناراوەکان و شوێنە فێنکەکان کردووە، لە کاتێکدا بەرپرسان داوای خۆپارێزی دەکەن.
ئەم شەپۆلە گەرمایە لە کاتێکدایە ئەورووپا وەک خێراترین کیشوەری جیهان بۆ گەرمبوون دەناسرێت. بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە 21ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 1300 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ئەورووپا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تۆمارکراون.



