رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد لە بەریتانیا بووە جێگری سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی لامبێس لە لەندەن. گەنجەکە بە جلی کوردییەوە بەشداریی رێوڕەسمی وەرگرتنی پۆستەکەی کرد و بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی زۆر خۆشحاڵی کردم، ئەوە بوو لەو رێوڕەسمەدا بە جلوبەرگی کوردییەوە سوێندی یاسایم خوارد."
سەرباز بەرزنجی، گەنجێکی کورد لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بەریتانیا بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لەسەر لیستی حیزبی کرێکاران بۆ شارەوانیی لەندەن سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بەو پێیەش پۆستی جێگری سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی لامبێس لە لەندەن وەردەگرت.
ئەو گەنجە کوردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەرەفێکی مەزنە مرۆڤ بتوانێت خزمەتی کۆمەڵگە و خەڵکی خۆی بکات و ببێتە نوێنەری راستەقینەی ھاووڵاتییان و رابردووی خۆی لەیاد نەکات".
سەرباز لە گوندی مەمەنداوە لە ناحیەی بنگرد لەدایکبووە، دکتۆرای لە ئەندازیاری بیناسازیدا هەیە و مامۆستایە لە زانکۆی لەندەن.
لەندەن لە 32 ناوچە پێکدێت یەکێک لە ناوچەکان لامبێسە، کەمێک پێش ئێستا دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان سەرباز بەرزنجی سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەو دەڵێت، "بەوپەڕی توانامان ھەوڵدەدەین لە ئاستی متمانە و چاوەڕوانیی ئەو خەڵکەدا بین کە متمانەیان پێبەخشین."



