رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، بەهۆی رووداوەکانی پەیوەست بە سەربڕینی ئاژەڵی قوربانییەوە، 13 هەزار و 513 کەس سەردانی دامەزراوە و سەنتەرە تەندروستییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتدا کردووە.
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، داوای لە هاووڵاتییان کرد کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی قوربانیکردندا زیاتر وریا و بەئاگا بن، هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ سەرجەم بریندارەکان خواست.
هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی تەواوی کارمەندانی کەرتی تەندروستی کرد کە لە ماوەی پشووی جەژندا بە دڵسۆزییەوە لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوامن.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، تەنیا لە شاری ئەستەنبوڵ 767 کەس بەهۆی هێرشی ئاژەڵی قوربانی یان بڕین و پێکان بە چەقۆ و ئامرازەکانی سەربڕین لە لایەن "قەسابی ناشارەزا"وە بریندار ببوون.
ساڵانە لە یەکەم رۆژی جەژندا بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێک لە هاووڵاتییان بە رێنماییەکانی وەزارەت و شارەوانییەکان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە فەرمییەکاندا، گوشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی تورکیا.
