رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، پشتیوانیی خۆی بۆ یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەربڕی، کە لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە واژۆ کراوە و لە رۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتدا بڵاوکراوەتەوە.
عەبدوڵڵا گوڵ، 11ـیەمین سەرۆککۆماری تورکیا کە بۆ ماوەیەکی درێژ بوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بێدەنگی هەڵبژاردبوو، لە پەیامێکدا، دەستخۆشی لە سەرۆککۆمار ئەردۆغان و دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کرد و رایگەیاند: "ئەم یاسایەی کە بە واژۆی سەرۆککۆمار لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، دەرگایەکی نوێی لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا کردەوە، کە یەکێکە لە بابەتە مێژووییە گرنگەکانی کۆماری تورکیا."
گوڵ لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتی: "پیرۆزبایی لە سیاسییەکان و لە سەروویان جەنابی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە بەرپرسانی دەوڵەت دەکەم کە لە پشت پەردەوە زەوینەیان بۆ ئەم رێککەوتنە رەخساند. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تورکیا. من هەمیشە باوەڕم وابووە کە شتی باش روودەدەن."
عەبدوڵڵا گوڵ لە ساڵانی 2007 تاوەکو 2014 وەک سەرۆککۆماری تورکیا کاری کردووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، یەکەم پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستی پێکردبوو.
یاسای"بەهێزکردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی "کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەر و بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە، لە 10ی ئابی 2026 لەلایەن پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
ئەو یاسایە کە لە 12 مادە پێکهاتووە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 18ی ئابی 2026 بەژمارە 7595 لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراویەوە و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.



