رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، "یاسای بەهێزکردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" چووە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەردۆغان دەڵێت، یاساکە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکراوە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بەشدارییان تێدا کردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "لەپێناو داهاتوویەکی ئارام، خۆشگوزەران و سەلامەتی تورکیا، ئەم هەنگاوە گرنگە نراوە" و سوپاسی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ گرووپی ئاکپارتی و "هەموو ئەو پارت و گرووپە سیاسییانەی کرد کە هەڵوێستێکی بنیاتنەرانەیان هەبووە."
هەروەها ئەردۆغان پیرۆزبایی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئەو بەرپرسانە کرد کە بەشداربوون لە سەرخستنی پرۆسەکەدا.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "ئەو پرۆسەیەمان بە رەچاوکردنی هەستیاریی تەواوی گەلەکەمان، بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان بەڕێوەبردووە و لەسەر بنەمای یاساکە، بە هەمان نیازپاکی و وردبینی بەردەوام دەبین لە بەڕێوەبردنی."
لەگەڵ ئەم راگەیێندراوەدا لینکی یاساکەی داناوە کە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوکردوەتەوە.
وەقایعی تورکیا ناوی غەزەتەی رەسمییە و لە ژمارە 33344 یاسای ژمارە 7595ی 10ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە.
یاساکە چوارچێوەیەکی یاسایی دادەنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی پەکەکە/کەجەکە دوای ئەوەی رێکخراوەکە بە فەرمی چەک دادەنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی دەهێنێت. ئەمەش تەنیا دوای ئەوە روودەدات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکاتەوە.
خاڵە سەرەکەییەکانی یاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە، دیارترینیان ئامانەن
دواخستنی دادگاییکردن: لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە دۆسیەی ئەو ئەندامانەی تاوانیان ئەنجامداوە (جگە لە کوشتنی بەئەنقەست و هەندێک تاوانی قورس) بۆ ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت، بەپێی قورسیی تاوانەکە.
دواخستنی سزای زیندان: جێبەجێکردنی سزای ئەو کەسانەی پێشتر حوکم دراون بۆ هەمان ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت.
مەرجی سەرەکی: ئەگەر هەر کەسێک لە ماوەی دواخستنەکەدا تاوانێکی دیکەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، بڕیاری دواخستنەکە هەڵدەوەشێتەوە و پرۆسەی یاسایی یان سزاکەی دەستپێدەکاتەوە. ئەگەر هیچ تاوانێک نەکات، دۆسیەکەی دادەخرێت یان سزاکەی بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت.
چاودێری: دەستەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و بەشداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی ئەمنی، چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات و راپۆرت بۆ پەرلەمان بەرز دەکاتەوە.
ماوەی داواکاری: ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوودمەند بن، دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، داواکاریی نووسراو پێشکەش بکەن.



