رووداو دیجیتاڵ
دوای نوێژی جەژن لە مزگەوتی چامڵیجای ئیستەنبووڵ، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی بۆ میدیا کرد؛ نەتەنیاهووی بە "ستەمکار" ناوبرد و رایگەیاند، چوار - پێنج موسڵمان چاوەڕێن هەتاوەکو خوا بیکاتە عیبرەت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەسەر جەژن، گوتی، "ئەوەی لە فەڵەستین و غەززە روودەدات، بۆ ئێمە لەم جەژنەدا هەڵوێست و هەڵوەستەیەکی جیایە. خوازیارم لە خوای گەورە، ئەو نەتەنیاهووە ستەمکارە بەرامبەر موسڵمانان وانەی پێویست وەربگرێت. پەنا بەخوا زوو ئەمە دەبینین. چاوەڕێ دەکەین چوار ملیۆن، پێنج ملیۆن موسڵمان ئەمە ببینن، خوا یار و یاوەرمان بێت."
هەرچەندە شەڕ و گرژییەکان لە غەززە کەمبوونەتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی موسڵمانان و بەشێک لە وڵاتانی جیهانە، هەوڵەکانی فراوانکاریی کۆمەڵگە جوونشینەکانە.
رۆژی 22-05-2026 وڵاتانی ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە ئیسرائیل کرد فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوا رابگرێ و رایانگەیاند، حکومەتی ئەو وڵاتە بەو کارەی (سەقامگیریی ناوچەکە و دەرفەتەکانی چارەسەری دوو دەوڵەت) تێکدەدات.
ئەو وڵاتانە بە تووندی سەرکۆنەی پلانی کۆمەڵگە جوونشینەکان (ئی یەک) دەکەن، کە پڕۆژەیەکی نوێی بیناسازییە و بڕیارە 3,400 یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر رووبەری 12 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە کەرتی رۆژئاوا دروست بکرێت.
ئەوان ئەم هەنگاوەیان بە (پێشێلکارییەکی جیدیی یاسا نێودەوڵەتییەکان) ناوبرد و هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکان، بەشداری لە تەندەرەکانی ئەم پڕۆژەیەدا نەکەن، چونکە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە و ناوبانگیان لەکەدار دەبێت.
