رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە جەژنی قورباندا بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی دەم پارتی دەکات.
بەگوێرەی بەرنامەی ئاکپارتی، لە دووەم رۆژی جەژندا، حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازی لە پارتە سیاسییەکان دەکات کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) یەکێک لەو پارتانەیە.
هەریەک لەم پارتانە سەردانی ئاکپارتی دەکەن؛ جەهەپە، مەهەپە، هوداپار، پارتی نیشتمان، ئیی پارتی، پارتی وەتەن، دەم پارتی، پارتی رێگەی راست، پارتی سەعادەت، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی ئایندە، پارتی کلیل، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) و پارتی هاوپەیمانیی تورکیا.
ئاکپارتیش لە رێگەی دوو شاندی جیاوازەوە سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکات، شاندی یەکەم بە سەرۆکایەتیی رەسوڵ کوڕت، پەرلەمانتاری سەمسوور و ئەندامیەتیی فاتمە ئیلکجان ئاکسو و یونس ئێمرە شاهین سەردانی پارتەکانی جەهەپە، هوداپار، ئیی پارتی، دەم پارتی، سەعادەت، پارتی ئایندە و پارتی دیموکراسی دەکات.
هەروەها شاندی دووەم بە سەرۆکایەتیی کەرەم عەلی سورەکلی، یاریدەدەری سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی ئاکپارتی سەردانی مەهەپە، پارتی نیشتمان، پارتی وەتەن، پارتی رێگەی راست، سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی کلیل و پارتی هاوپەیمانیی تورکیا دەکات.
پارتە سیاسییەکانی تورکیا چەند رۆژێک پێش لە جەژن، بەرنامەی جەژنانەیان بڵاودەکەنەوە و هەر پارتێک رایدەگەیێنێت کە سەردانی چەند پارت دەکات.
