رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی هەڵوەشاوە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دەربڕی کە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار لێکۆڵینەوەی یاسایی بەرامبەر دەستپێکراوە.
نووسینگەی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی هەڵوەشاوە، هیوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەیان بۆ خواست.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "دروست نییە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و سیاسەتڤانان بکرێ تەنیا لەبەر ئەوەی بیروڕاکانی خۆیان دەربڕیوە" و ئەم هەنگاوەشیان وەک بەرتەسککردنەوەی پانتایی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین ناوبردووە.
داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، لێکۆڵینەوەی دژی ئەحمەد داودئۆغڵو دەستپێکردووە، ئەوەش بەپێی مادەی 299/1 لە یاسای سزادانی تورکیا کە تایبەتە بە "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار".
ئەم لێکۆڵینەوەیە دوای ئەوە دێت کە داودئۆغڵو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێک دەربڕینی بەکارهێنا کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە وەک "سووکایەتی" بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لێکدراونەتەوە.
بڕیارە کاژێر 15:00ـی رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد داودئۆغڵو لە دادگای ئەنقەرە ئامادە بێت بۆ ئەوەی گوتەی لێوەربگیرێ.
ئەحمەد داودئۆغڵو، کە پێشتر کەسایەتییەکی نزیکی ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، دوای جیابوونەوەی لە ئاکپارتی، پارتی ئایندەی دامەزراند (کە دواتر هەڵوەشایەوە) و بووە یەکێک لە رەخنەگرەکانی دەسەڵاتی تورکیا.
ماددەی 299 لە یاسای سزادانی تورکیا سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری وڵات بە تاوان دەناسێنێت و سزای بەندکردنی بۆ دیاری دەکات.
.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
