رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، ئەندامێکی داعش کوژرا کە "پلانی بۆ هێرش دادەڕشت."
درەنگی شەوی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، لە شاری ئیستەنبووڵ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر شانەیەکی داعش، کەسێکی تەمەن 21 ساڵان کە ئامادەکاری بۆ هێرشی تیرۆریستی دەکرد، تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کرد و لە رووبەڕووبوونەوەکەدا، کوژرا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی سوڵتانبەیلی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچووە بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک کە پەیوەندیی بە رێکخراوی داعشەوە هەبووە و پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرش لە تورکیا داناوە.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گومانلێکراوەکە تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کرد. پۆلیسیش وەڵامی دایەوە و لە ئەنجامدا کوژرا و هاووڵاتییەکیش بریندار بوو.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
داوود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستخۆشی لە هەردوو دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ کرد و نووسیویەتی: "بوێرانە دژی ئەو ناوەندە تیرۆریستییانە دەجەنگن کە هەڕەشە لە ئارامیی گەلەکەمان و ئاسایشی دەوڵەتەکەمان دەکەن."
ناوچەی سوڵتانبەیلی لە ئیستەنبووڵ یەکێکە لەو ناوچانەی کە پێشتریش چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی تێدا بەڕێوەچووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی ئەندامبوونیان لە داعش لێدەکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر چوار ئۆپەراسیۆنی فراوانیان لە ئیستەنبووڵ ئەنجامداوە و زیاتر لە 400 گومانلێکراوی داعش لەو پارێزگایە دەستبەسەرکراون.
.jpg&w=3840&q=75)

