رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی ئاراستەی پێنجەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە جزیر کرد و رایگەیاند، مەلای جزیری سەرمایەیەکی گرنگە و یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی گەنجینەی شارستانییەتی هاوبەشیان.
ئەمڕۆ هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیامەکەیدا سوپاسی بانگهێشتنامەکەی کرد بۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری، کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جیهانی عیرفان و حیکمەتی شاعیر و بیرمەند مەلای جزیری رێکخراوە.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا گوتی: "مەلای جزیری بە بەرهەمەکانییەوە نەک تەنیا سەردەمی خۆی، بەڵکو سەرمایەیەکی گرنگی ئێمەیە کە قۆناخەکانی دوای خۆیشی رووناک کردووەتەوە. ئەو کە عەشقی خودا، مرۆڤ و حەقیقەتی کردووەتە چەقی بیرکردنەوەکانی، بە یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی گەنجینەی شارستانییەتی هاوبەشمان دەبینم."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کۆکردنەوەی کەسایەتییە ئەکادیمییەکان لە وڵاتان و زانکۆ جیاوازەکانەوە لە سیمپۆزیۆمەکەدا، پاڵپشتی لە تێگەیشتن لە مێژووی دێرین و دەوڵەمەندیی کولتووری دەکات بۆ گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
گوتیشی: "ئێمە کە سرووش لە مێژوو و شارستانییەتی خۆمان وەردەگرین، جیاوازییەکانمان وەکو دەوڵەمەندی دەبینین بۆ پتەوکردنی برایەتی و یەکڕیزیی نێوانمان و لە پاڵپشتیکردنی چالاکییە زانستی، ئەدەبی و ئەکادیمییەکان بەردەوام دەبین." لە کۆتاییشدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە رێکخستنی سیمپۆزیۆمەکەدا بەشدارن.
پێنجەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە و دوو رۆژ دەخایێنێت.
سیمپۆزیۆمەکە ئەم ساڵ بە درووشمی (حەزرەتی پێخەمبەر لای مەلای جزیری) بەڕێوەدەچێت و تێیدا بۆچوون و بیرۆکەکانی مەلای جزیری لەبارەی حەزرەتی پێخەمبەرەوە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە هەڵدەسەنگێندرێن.
سیمپۆزیۆمەکە بە هاوبەشی لەلایەن پارێزگای شرنەخ، زانکۆی شرنەخ و قایمقامییەتی جزیرێ لە هۆڵی کۆنفرانسی هۆتێل دیدەمان لە جزیرێ رێکخراوە و تێیدا ئەکادیمیانی زانکۆکانی تورکیا، باکووری کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکە گفتوگۆ لەبارەی جیهانی هزری، تێگەیشتنی تەسەوف و میراتی ئەدەبیی مەلای جزیری دەکەن.



