رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە؛ تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری و هەڵسەنگاندنی راپۆرتە مەیدانییەکانی تایبەت بە چۆڵکردنی 14 پەناگەی پەکەکە لە خواکوڕکدا دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بۆ ئەنجامدانی دوایین کۆبوونەوەی ساڵی 2026 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا (بێشتەپە)دا کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 14:00 بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەڕێوەدەچێت.
لەپێشینەی کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا تاوتوێی پرۆسەی چارەسەری دەبێت، کە پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە پرۆسەی "تورکیای بێتیرۆر" ناسراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، قۆناخی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 7595 کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و لە رۆژی 10ـی ئابی 2026ـدا لە پەرلەمانی تورکیادا پەسندکرا، لەگەڵ راپۆرتە مەیدانییەکانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و هێزە چەکدارەکانی تورکیا سەبارەت بەو 14 پەناگە و ناوچەی مانەوەیەی پەکەکە لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستاندا چۆڵیکردوون، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
جگە لە دۆسیەی نێوخۆیی و سنووری، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەخرێنەسەر مێزی گفتوگۆ، لەوانە بنبەستبوونی هێڵی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا، هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا و دوایین دۆخی غەززە و شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
هەروەها پێشهاتەکانی لیبیا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن و بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی نووسراو بڵاوبکرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار. بۆ جێبەجێکردنی کردەیی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە، پێویستی بە بڕیاری "پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن"ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا هەیە، سەبارەت بە چەکدانان و چۆڵکردنە مەیدانییەکان و هەڵوەشانەوەی تەواوەتیی پەکەکە.
لە 23ـی تشرینی دووەمدا، سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا رایانگەیاندبوو کە پەکەکە تاوەکو 18ـی تشرینی دووەم 14 پەناگەی دیکەی لە ناوچەی خواکوڕکدا چۆڵکردووە، لەپاڵ چوار پەناگەکەی ناوچەی مەتین لە 8ـی تشرینی یەکەمدا لە هەرێمی کوردستاندا. هاوکات لە هەمان رۆژدا فراکسیۆنی دەم پارتی داوایکردبوو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا بڕیاری پشتڕاستکردنەوە دەربچێت.



