رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆسەی چارەسەری بە "پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دەوڵەت" ناوزەد کرد و رایگەیاند، "ئەوانەی بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەکەن، ناویان لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، بەڵام ئەوانەی رێگری لەم پرۆسەیە دەکەن، لە ویژدانی گەلدا سزا دەدرێن." جەختیکردەوە، تورکیا سوورە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر کە نیو سەدەیە بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکێش کرد. رایگەیاند، سوورن لەسەر تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەری و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پشتگیریی پرۆسەکە بکەن.
ئەردۆغان، پرۆسەی چارەسەری بە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دەوڵەت ناوبرد و گوتی: "ئەوانەی بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەکەن، ناویان لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، بەڵام ئەوانەی رێگری لەم پرۆسەیە دەکەن، لە ویژدانی گەلدا سزا دەدرێن."
سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی و نابێت پرۆسەکە بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە کەسییەکان.
گوتیشی: "لەکاتێکدا تورکیا ئەوەندە نزیکبووەتەوە لە چارەسەرکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی، هیچ کەسێک بۆی نییە بەپێی بەرژەوەندیی کەسی بجووڵێتەوە."
باسی لەوەشکرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێویستە ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و هەمووان پشتگیریی بکەن و گوتی: "باوەڕمان وایە لە کۆتاییدا ئیرادەی چارەسەری سەردەکەوێت. چاوەڕێی ئەوەین هەمووان ناکۆکییەکان وەلا بنێن و پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بکەن."
ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەدا، هاوپەیمانیی جمهور سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی تورکیا، بەتایبەتی پرسی تیرۆر. گوتی: "وەک هاوپەیمانیی جمهور، بە هاودەنگیی تەواوەوە چارەسەر بۆ کێشە درێژخایەنەکانی وڵاتەکەمان دەدۆزینەوە، لەنێویاندا پرسی تیرۆر کە نیو سەدەیە وڵاتی پەکخستووە."



