رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە، ئەندامێکی شاندەکەش بە رووداوی راگەیاند، هێشتا رۆژەکەی دیاری نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، لە رۆژانی داهاتوودا دەچنە ئیمراڵی.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، بە رووداوی راگەیاند، بڕیار دراوە بۆ دیداری ئۆجەلان شاندەکەیان بەمزووانە بچێتە ئیمراڵی، بەڵام هێشتا رۆژی سەردانەکە دیاری نەکراوە.
دوایین سەردانی شاندەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026ـدا بوو و تاوەکو ئەمڕۆ 67 رۆژ بەسەر ئەو سەردانەدا تێپەڕیوە.
ئەم ئامادەکارییە بۆ سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، رۆژی 17ـی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاندبوو ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ئامادەکراو و مەرجەکانی کارکردنی گۆڕدراون و گوتبووی: "بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێرایی و بەرهەمداری کار بکات، سکرتاریەتەکەشی بەهێز کرا."
لە دوایین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لە 13ـی ئەیلوولی 2026ـدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەرێگەی پەیامێکەوە داوای کردبوو هەنگاوی کردەیی لەبەرامبەردا بنرێت و دەستە و کۆمیسیۆنە تایبەتەکان بەبێ دواکەوتن دەست بە کارەکانیان بکەن. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ لە ئیمراڵی و ئامادەکاریی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێری، شاندی دەم پارتی ئامادەکاری بۆ دیداری نوێ دەکات.



