رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی شاهانەی بەریتانیا ناسراو بە (چاتم هاوس) دەڵێ، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا هەنگاوی "زۆر گەورەی" بڕیوە بەراورد بە هەموو هەوڵەکانی پێشوو بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی زیاتر لە چوار دەیەی خایاند؛ ئاماژە بەوەش دەکات پرۆسەکە "خێراتر پشتیوانیی جەماوەریی بەدەستهێناوە وەک لەوەی متمانە دروست بکات".
ئەو دەستپێشخەرییەی کە لە تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستی پێکرد، بووەهۆی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و رازی بێت بە چەکدانان. لەگەڵ ئەوەیشدا، راپرسییەکی ساڵی 2025ـی ناوەندی راوێست و ئیستانپۆڵ دەریانخستووە کە لە کاتێکدا 64%ـی بەشداربووان پشتیوانییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە، کەمتر لە 42%ـیان پێشبینیی سەرکەوتنیان کردووە.
وەک (چاتم هاوس) دەڵێ، یاسای پرۆسەی چارەسەری کە لە ئابی 2026 لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند کرا، مەرجە یاساییەکانی قۆناخی راگوزەر دیاری دەکات و چۆنیەتیی چەکدانانی گەریلاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە دەگرێتەوە. بەڵام یاسادانان بە تەنیا ناتوانێت کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بگۆڕێ بۆ چارەسەرێکی بەردەوام، بەڵکو ئەمە پێویستی بە گەرەنتیی یاسایی بەرجەستە، وەڵامدانەوەی داواکارییە لەمێژینەکانی کورد و سیستمێکی سیاسییە کە بتوانێت بەبێ بوونی شەڕ کار بکات.
پرۆسەیەک کە دۆخی ناوچەکە پاڵنەری بوو
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەشتاکانی سەتەی رابردووەوە "دەوڵەتی تورکیا پرسی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی پەکەکە و وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی دەبینی". دانوستاندنەکانی 2013–2015 بۆ ماوەیەکی کورت ئەو تێڕوانینەیان گۆڕی و گرنگییان بە دیموکراسی و مافە کولتووری و سیاسییەکان دا، بەڵام دوای شکستهێنانیان لە 2015، شەڕ دەستی پێکردەوە و زیندانیکردنی سیاسەتمەدارانی کوردی لێکەوتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "دەستپێشخەرییەکەی ئێستا زیاتر لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی ناوچەیی داڕێژراوە کە تێیدا چەکدانان پێش چاکسازییە دیموکراسییە فراوانەکان خراوە".
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەم ئاراستەیە تاوەکو رادەیەکی زۆر "پەیوەستە بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە". لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە "فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە، بەتایبەتی رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا و لاوازبوونی ئێران، نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرەی زیاد کرد. تورکیا ترسی لەوە بوو ئیسرائیل پرسی کورد بقۆزێتەوە، بۆیە هەوڵی دا بەرەی ناوخۆیی خۆی بەهێز بکات".
بۆ پەکەکەش "گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لاوازبوونی حیزبوڵڵا و کەمبوونەوەی رووبەری دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێش تێکەڵبوونیان بە سوپای سووریا، نادڵنیاییەکی گەورەی بۆ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان" دروست کرد. لە نێوخۆیشدا، "بنکەی جەماوەریی پارتە کوردییەکان لە دەیەی رابردوودا زیاتر پرسیاریان لە سوودی خەباتی چەکداری هەبووە و سیاسەتی مەدەنیش لەو وڵاتە بەهێزتر بوو؛ بۆیە بۆ هەردوولا بەردەوامبوونی شەڕ تێچووی زۆرتر بوو لە کۆتاییهێنانی".
هەڵسەنگاندنی یاسای پڕۆسەی چارەسەری
پەرلەمانی تورکیا لە 10ـی ئابی 2026 بە زۆرینەی 468 دەنگ پڕۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پەسندکرد. یاساکە تاوانەکان و پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێریی پەرلەمانی دیاری دەکات، هەروەها دواخستنی رێکارە تاوانکارییەکان و جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردن بۆ پێنج بۆ 10 ساڵ لەخۆدەگرێ، بەڵام ئەمەش وا دەکات داواکاران بۆ چەندین ساڵ لە دۆخێکی ناڕووندا بمێننەوە.
لە راپۆرتەکەی چاتم هاوسدا هاتووە: "کەلێنە گەورەکەی یاساکە ئەوەیە کە تەنیا تیشکی خستووەتە سەر رێکارە سزایی و ئەمنییەکان و هیچ بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ خوێندن، تەندروستی یان دۆزینەوەی کار بۆ تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەندامانی پێشووی پەکەکە دانەناوە".
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەش کراوە، جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دەستەیەکی جێبەجێکارەوە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار سەرپەرشتی دەکرێ و لیژنە پەرلەمانییەکەش (کە لە خولی نوێی پەرلەماندا لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەستی پێکرد) تەنیا "دەسەڵاتی چاودێری و پێشنیازکردنی" هەیە و بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تێکەڵکردنەوە، رێگەی گەڕانەوە تەنیا لەسەر کاخەز دەمێنێتەوە".
قۆناخی داهاتوو چۆن دەبێت؟
بە گوێرەی راپۆرتەکەی چاتم هاوس، یاساکە "قۆناخی یەکەمی پرۆسەکەی بە فەرمی کرد کە راگرتنی تووندوتیژییە، بەڵام هەنگاوەکانی داهاتوو پێویستیان بە بڕیاری سیاسییە نەوەک یاسای نوێ. لە مەودای مامناوەنددا، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە (کە نزیکەی 10 ساڵە سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە زینداندایە) و گەڕاندنەوەی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لە جێگەی قەییومەکان (کە باخچەلیش پشتیوانیی لێکردووە)، خێراترین رێگەن بۆ دروستکردنی متمانە لای رای گشتی".
لەو راپۆرتەدا ئەوەش گوتراوە، لە مەودای درێژخایەنیشدا "ئاشتیی بەردەوام پێویستی بە چاکسازیی یاساییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە رەگوریشەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە مافی زمانی دایک، چونکە زیاتر لە 80%ـی کوردەکان داوای بەکارهێنانی زمانی کوردی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەن و 71%ـیان پشتیوانی لە خوێندنی دوو-زمان دەکەن، تەنانەت 42%ـی تورکەکانیش بە شێوەیەکی رەها دژی ئەو مافانە نین".
سیاسەت لە تورکیای دوای پەکەکە
گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری لە رووی ستراتیژییەوە "تێچوویەکی قورسی بۆ پەکەکە دەبێت و رەوایەتی لای کورد لاواز دەکات، بەتایبەت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەش چەندین جار پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەکەوە دووپات کردووەتەوە".
بۆ چوار دەیە، بوونی پەکەکە شێوازی سیاسەتی لایەنەکانی دیاری دەکرد و "حکومەتەکان بە پاساوی ئاسایشەوە داواکارییەکانی کوردیان دوادەخست و سیاسەتی مەدەنیی کوردیش (کە پێشتر هەدەپە و ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات) لەژێر سێبەری شەڕدا بوو".
لە ژینگەیەکدا کە چی دیکە پەکەکەی تێدا نییە، "حکومەت دەبێت لەسەر بنەمای سوودە سیاسییەکانی نەوەک وەک دژەتیرۆر بڕوا بە خەڵک بێنێت، دەم پارتیش دەبێت بەرنامەیەکی سیاسیی بەهێز لە رێگەی دامەزراوە مەدەنییەکانەوە بنیات بنێت و پارتی نوێ (کە ئێستا گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی جەهەپە و لایەنگرانییەوە دوای بڕیارێکی دادگا بۆ گەڕاندنەوەی سەرکردایەتیی پێشووی جەهەپە دامەزراوە)، دەبێت پشتیوانییە سەرەتاییەکانی بگۆڕێ بۆ پێشنیازی کردەیی".
پرۆسەکە ئاگربەست و چەکدانانی هێناوەتە دی کە پێشکەوتنێکی گەورەیە بەرەو ئاشتیی نەرێنی (نەبوونی شەڕ)، بەڵام گەیشتن بە "ئاشتیی ئەرێنی و بەردەوام" تاقیکردنەوە راستەقینەکەی بەردەم سیاسەتمەدارانی تورکیایە.
لە رووی زانستی سیاسییەوە، ئاشتیی نەرێنی ئەو جۆرە ئاشتییە یان رێککەوتنەیە کە لایەنەکان کێشەکانیان چارەسەر ناکەن، بەڵکو تەنیا لە شەڕکردن دەوەستن. لە ئاشتیی ئەرێنیدا هەم کێشەکان چارەسەرکراون یان رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، هەمیش شەڕ راگیراوە.



