رووداو دیجیتاڵ
هەشتەمین پێشانگەی تام و چێژی خۆماڵیی میزۆپۆتامیا لە ئامەد بە بەشداریی 172 کۆمپانیا لە 62 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەرگای بۆ سەردانیکاران واڵاکرد.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا، هەریەک لە ئەنگین یەشیل، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی بۆرسەی بازرگانیی ئامەد و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یەکێتیی ژوورەکان و بۆرسەکانی تورکیا؛ ئەمین ئای، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد؛ سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری ئامەد؛ شەیدا ئەرسڵانتاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد؛ عادل ئەڵان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگای ئامەد؛ عەلیجان ئەبەدینئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەرانی ئامەد؛ مستەفا فیدان، سەرۆکی ناوچەی پیشەسازی؛ ئیسماعیل بەدرخانئۆغڵو، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات و ژمارەیەکی زۆر لە بانگهێشتکراوان بەشدار بوون.
شەیدا ئەرسڵانتاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد کە لە رێوڕەسمی کردنەوەکەدا گوتاری پێشکێشکرد، خۆشحاڵیی خۆی بە بەردەوامبوونی کاروانی پێشانگەکە بۆ هەشتەمین جار دەربڕی کە لە ساڵی 2018ـەوە دەستیپێکردووە. ئەرسڵانتاش رایگەیاند، ساڵی 2025 میوانداریی زیاتر لە 370 هەزار سەردانیکاریان کرد و گوتی، پێشانگەکان پردێکی گرنگن لەنێوان بەرهەمهێنەری خۆماڵی و بازاڕە نیشتمانییەکاندا.
دواتر ئەمین ئای، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، هونەری ئامادەکردنی خواردن، رەنگدانەوەی یادەوەری و ناسنامەی کولتووریی شارێکە؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە خواردنە نەریتییەکان بەدرێژایی نەوەکان بە رەنجی ژنان گەیێندراونەتە ئەمڕۆ و گوتی، لەپێناوی پاراستنی کولتووری خواردن، پێویستە رەنجی ژنان بخرێتەڕوو.
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری پارتی نوێ (یەنی پارتی) لە بازنەی ئامەد رایگەیاند، ئامەد یەکێکە لە شارە هەرە دێرینەکانی مێژوو و کولتووری میزۆپۆتامیا و گوتی، پێشانگەکە لە رووی ناساندنی تامە خۆماڵییەکانەوە گرنگە.
پێشانگەکە کە ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 دەستی پێکرد، تاوەکو رۆژی 22-11-2026 بەردەوام دەبێت.
ئەو 172 کۆمپانیایەی لە پێشانگەکەدا بەشدارن، لە 62 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەیشتوونەیە ئامەد.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)