رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانیی لووتکەی 31ـەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) لە ئانتاڵیا رایگەیاند: "قبووڵ ناکرێ هیچ وڵاتێک خۆی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان بدزێتەوە، بەتایبەتی رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس." ئەمرۆ دووشەممە، 16-11-2026 کۆبوونەوەی پەرلەمانیی لووتکەی کەشوهەوا (COP31) بە میوانداریی پەرلەمانی تورکیا و بە هاوکاریی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکان لە ئانتاڵیا بەڕێوەچوو، کە تێیدا شاندی باڵا لە 55 وڵات، لەنێویاندا سەرۆک پەرلەمان و پەرلەمانتاران، بەشدار بوون. نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە گوتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتەکانی، کێشەیەکی نێودەوڵەتین و لەوە گەورەترن کە تەنیا لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لێوە بکرێ. کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی کارەساتە ژینگەییەکان وەک لافاو، زریان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەبیابانبوون، وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، لە ئەنجامی "کردەوەی مرۆڤ"ن و گوتی: "هەرچەندە ناوی دەنێین کارەساتی سرووشتی، بەڵام هیچ کامیان سرووشتی و خۆڕسک نین. بەڵکو ئەنجامی پشتگوێخستنی چەندین ساڵەی مرۆڤ و هەڵسوکەوتی تووندوتیژییەتی بەرامبەر سرووشت." سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە، "ویستی مرۆڤە بۆ دەستگرتن بەسەر سرووشتدا و حەزی سەرمایەداریی دڕندانەیە بۆ قازانجکردن"ـە. "ئیسرائیل لە تێکدانی ژینگەی جیهاندا پاڵەوانێتی بەدەستهێناوە" کورتوڵموش رەخنەی لە کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و فەلەستین کرد و رایگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکان زیانێکی گەورە بە جیهان دەگەیێنن. لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو وێرانکارییە ژینگەییەی بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە و فەلەستین روودەدات، کە یەکێکە لە گەورەترین دڕندەییەکانی سەردەمی مۆدێرن، وەک یەکێک لە ئەنجامە هەرە خەمناکەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار دەکرێ." سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "بڕینەوە و لە رەگەوە هەڵکێشانی دار زەیتوونەکان لە فەلەستین، کە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و زەیتوونیش یەکێکە لە دەگمەنترین دارەکانی جیهان، کردەیەکە کە پاڵەوانێتیی لە تێکدانی ژینگەی جیهاندا بۆ ئیسرائیل مسۆگەر کردووە." "هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی رابکات" کورتوڵموش باسی لەوە کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی رابکات و وڵاتانێک کە زۆرترین رۆڵیان لە پیسکردنی ژینگەدا هەبووە، دەبێت پێشەنگ بن لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای کرد میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دابمەزرێ بۆ سووککردنی باری ئەو وڵاتە هەژار و تازەپێگەیشتووانەی کە زۆرترین زیانیان لە کارەساتە ژینگەییەکان بەرکەوتووە. لووتکەی کەشوهەوا COP31، 31یەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، کە بە میوانداریی تورکیا لە شاری ئەنتاڵیا بەرێوەدەچێ. ئەمە گەورەترین لووتکەی نێودەوڵەتییە کە تێیدا وڵاتانی جیهان گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و سیاسەتە هاوبەشەکانیان دژی قەیرانی کەشوهەوا دەکەن. ئەو لووتکەیە لە 9ی ئەم مانگە دەستی پێکردووە تا 21ی مانگ بەردەوام دەبێ.