رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 89 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی رێبەری شۆڕشی دێرسیم، سەید رەزا و هاوڕێکانیدا، لە گۆڕەپانی سەید رەزا لە شاری دێرسیمی باکووری کوردستان رێوڕەسمێکی بێدەنگ بۆ رێزلێنان لە یادیان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کاژێر 09:37 خولەکی بەیانی (رێک لە هەمان ئەو کاتەی کە لە 15ی تشرینی دووەمی 1937 سزاکەی تێدا جێبەجێکرابوو)، ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی دێرسیم لە بەردەم پەیکەری سەید رەزا کۆبوونەوە.
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە بۆ رێزلێنان لە گیانی قوربانییانی لەسێدارەدراوی شۆڕشی دێرسیم، مۆمیان داگیرساند و تاجەگوڵینەیان لەسەر پەیکەری سەید رەزا دانا، هاوکات خولەکێک بە بێدەنگی بۆ رێزلێنان وەستان، بەبێ ئەوەی هیچ گوتارێک پێشکەش بکرێت یاخود لێدوان بە دەزگاکانی راگەیاندن بدرێت.
سەید رەزا لە ساڵی 1862 لە ناوچەی دێرسیم لەدایکبوو، رابەرایەتیی بزووتنەوە و بەرگریی گەلی کوردی لە ناوچەکە دەکرد؛ لە ساڵی 1937 لەگەڵ هاوڕێکانیدا، لە گۆڕەپانی گەنم لە پارێزگای خارپێت لەسێدارە دران، دوای 89 ساڵیش، هێشتا دەوڵەتی تورکیا شوێنی گۆڕەکانیانی ئاشکرا نەکردووە.


