رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێ (یەنی پارتی)، کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە، دوو رۆژە بەردەوامە. لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە 150ـەوە بۆ 160 ئەندام زیاد بکرێت و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای دیسپلینیش هەڵبژێردران.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دووەم رۆژی یەکەم کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێ (یەنی پارتی)دا، کە لە ئەنقەرە بە دروشمی "تورکیا نوێ دەبێتەوە" بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکان پارتەکە کرا.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا کە کاژێر 10:00 دەستیپێکرد، بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، بڕیاردرا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی لە 150ـەوە بۆ 160 ئەندام زیاد بکرێت.
لە کۆنگرەکەدا هەزار و 202 ئەندامی تۆمارکراوی کۆنگرە، بە شێوازی لیستی داخراو دەنگیان بۆ دیاریکردنی 160 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و 15 ئەندامی رەسەن و یەدەگی دەستەی باڵای دیسپلین دا.
چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، ئۆزگور ئۆزەل گوتارێک پێشکێشی ئەندامانی کۆنگرە بکات و سوپاسیان بکات.
رۆژی شەممە، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێ، بە بەشداریی هەزار و 202 ئەندام کۆنگرە، لە هۆڵی ئارێنای ئەنقەرە بەڕێوەچوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، کە تاکە بەربژێر بوو بە دەنگی 1154 ئەندام و لە کۆی لە کۆی 1202 ئەندام بە سەرۆکی پارەتەکە هەڵبژێردرا.
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ـی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافی پێشوو گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و 244 سەرۆکی شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بەناوی (پارتی نوێ) دامەزراند. بەدامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لەدوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن درایە پارتی نوێ.


