رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی لیژنەی چاودێری و هەڵسەنگاندن لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا لە ژێر چەتری پەرلەمان، دەست بە گەرێکی نوێی سەردان بۆ پارتە سیاسییەکان کرد و یەکەم سەردانیشی بۆ لای جەهەپە بوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە 10-11-2026 نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی دامەزراندنی (لیژنەی چاودێری و هەڵسەنگاندن) بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد، لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە لە ئۆفیسی سەرۆکی جەهەپە لەنێو پەرلەمان بەرێوەچوو.
بڕیارە لە چوارچێوەی گەڕی سەردانەکەی، ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی پارتی رێگای نوێ بکات، کە ئەم ساڵ لە جەهەپە جیابووەوە.
لە درێژەی سەردانەکانیشدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سبەی چوارشەممە 11-11-2026 سەردانی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەکات.
بۆ رۆژی پێجشەممە 12-11-2026 کورتوڵموش سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکات و لە ئۆفیسی باخچەلی لە پەرلەمان، کۆدەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا، پێکهاتە و ژمارەی ئەندامانی (لیژنەی چاودێری و هەڵسەنگاندن)ـی پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ بکرێت.
تا ئێستا سێ پێشنیاز بۆ ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە لە ئارادایە، کە لە 14، 15، یان 17 ئەندام پێکبێت.
ئەم لیژنە نوێیە لە درێژەی کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" دا دەبێت کە پێشتر بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دامەزرابوو.



