رووداو دیجیتاڵ
پۆستێکی کورتی ڤیدیۆیی یانەی گاڵاتاسارای، کە دوای بردنەوەی زەحمەتی یانەکە بەرامبەر ئامەدسپۆر لە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) بڵاوکرایەوە، شەپۆلێکی تووندی تووڕەیی لە باکووری کوردستان و لەنێو کوردانی سەرانسەری جیهاندا دروستکرد؛ پۆستەکە لەلایەن هاندەران و چالاکڤانانەوە وەک ئاماژەیەک بە (کیسی زەرد) لێکدرایەوە کە لە مێژووی ململانێی چەکداریدا هێمای گواستنەوەی تەرمی شەڕڤانانی کورد بووە.
سەرەڕای ئەوەی یانە ئیستەنبووڵییەکە پۆستەکەی سڕییەوە و روونکردنەوەی دا، بەڵام کاردانەوەکان بەردەوامن و گەیشتوونەتە ئاستی بایکۆتکردنی یانەکە و جووڵاندنی سکاڵای یاسایی لەلایەن 15 سەندیکای پارێزەران (بارۆ).
یارییەکی دراماتیکی و سەرکەوتنێکی زەحمەت لە رێگەی حەوت گۆڵەوە
یارییەکە لە هەفتەی 11ـیەمی خولی نایابی تورکیا لە یاریگای (رامس پارک) لە ئیستەنبووڵ بوو. یانەی گاڵاتاسارای لە یارییەکی پڕ رکابەریدا میوانداریی ئامەدسپۆری کرد و لە یارییەکدا کە حەوت گۆڵی تێدا تۆمارکرا، بە ئەنجامی 4-3 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لە گێمی یەکەمدا، گاڵاتاسارای بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر پێشکەوت و دواتریش ئەنجامەکەی کردە 3-0، بەڵام ئامەدسپۆر سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە یاریگەی خۆی، بەرگرییەکی بێوێنەی نیشاندا و سێ گۆڵی لە گێمی دووەمدا تۆمارکرد تاوەکو ئەنجامەکەی گەیاندە 4-3.
بەم ئەنجامە، گاڵاتاسارای بە 28 خاڵ پێشەنگیی خولەکەی پاراست و ئامەدسپۆریش بە 23 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکەدا مایەوە. بڕیارە یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە لە 11ـی نیسانی 2027 لە یاریگای (دیاربەکر) لە ئامەد بەڕێوەبچێت.
"کیسی زەرد" چییە و بۆچی پۆستەکەی گاڵاتاسارای هەڵای نایەوە؟
کێشە گەورەکە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە دەستیپێکرد، کاتێک هەژماری فرۆشگەی فەرمیی یانەکە (GSStore) گرتەیەکی کورتی پۆست کرد بۆ بانگەشەی درێسێکی تایبەتی یاریزان باریش ئالپەر یڵماز، کە گۆڵی چوارەمی بۆ گاڵاتاسارای تۆمارکردبوو، بە ژمارە 53 و بە نووسینی وشەی «YENILMEZ» واتە: نەبەزێنراو.
ڤیدیۆکە بە وێنەی درێسەکە دەستپێدەکات کە لەنێو کاخەزێکی تایبەتی ئاڵتوونی/زەرددا پێچراوەتەوە و مۆرێکی ژمارە 53ـی لەسەر دراوە. ئەم دیمەنە دەستبەجێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک ئاماژەیەک بە (کیسی زەرد) لێکدرایەوە.
لە تورکیادا، دەستەواژەی (کیسی زەرد) برینێکی قووڵی دەروونی و مێژووییە، چونکە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شەڕی چەندین دەیەی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا کیسی زەردیان بۆ گواستنەوەی تەرمی شەڕڤانان و گەریلاکانی پەکەکە بەکارهێناوە.
لە ساڵانی رابردوودا، لایەنە تووندڕۆ و شۆڤێنییەکان لە کاتی کێبڕکێ وەرزشییەکاندا ئەم دەستەواژەیەیان وەک سووکایەتی دژی کورد و بەتایبەت دژی ئامەدسپۆر بەکارهێناوە.
گاڵاتاسارای پۆستەکەی سڕییەوە
بەهۆی ناڕەزایەتییە تووندەکانەوە، یانەی گاڵاتاسارای دەستبەجێ ڤیدیۆکەی لە هەژمارەکانی سڕییەوە. کۆمپانیای بەڕێوەبردنی فرۆشگەکانی گاڵاتاسارای لە روونکردنەوەیەکدا خەمباریی خۆی دەربڕی لەوەی کە دیمەنەکە بە شێوازی جیاواز لێکدانەوەی بۆ کراوە.
یانەکە رایگەیاند، ئەو پۆستە تەنیا بانگەشەیەکی بازرگانی بووە بۆ دیزاین و درێسی نوێی یاریزان باریش ئالپەر یڵماز و ئەو کاخەزەش تەنیا بەرگی تایبەتی پاکێجی کاڵاکە بووە و هیچ پەیام، ئامانج یان باکگراوندێکی سیاسی لە پشتەوە نەبووە.
ناهیت ئەرەن: سڕینەوە بەس نییە و دەبێت داوای لێبووردن بکەن
روونکردنەوەکەی گاڵاتاسارای نەبووە هۆی هێورکردنەوەی تووڕەییەکان. ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە تووندی هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەم بابەتە بە سڕینەوە و بیانووی بانگەشەی درێس داناپۆشرێت.
ئەرەن نووسیویەتی: "سڕینەوەی ئەو پۆستە بەس نییە. بانگێشتیان دەکەین بە ئاشکرا روونی بکەنەوە کە ئەم پۆستە بە چ ئامانجێک و بە بەرپرسیارێتیی کێ کراوە، رێکاری پێویست بەرامبەر بکەران بگرنەبەر و داوای لێبووردن بکەن."
هاوکات پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تووندی سەرکۆنەی ئەو پۆستەیان کرد و داوای لێپرسینەوەیان لە بەرپرسانی یانەکە کرد.
"ئامەدسپۆر ناسنامە و کەرامەتە"
هاندەرانی ئامەدسپۆر بە لێشاو روویان لە یاریگای رامس پارک کرد و پشتیوانییەکی گەورەیان لە یانەکەیان کرد. ئاینوور دەمیر، یەکێک لە هاندەرانی ئامەدسپۆر لە ئیستەنبووڵ بە رووداوی گوت: "ئێمە لە ئیستەنبووڵ دەژین، لەپێناو ناسنامە، زمان و یانەکەمان لێرەین."
مەزڵوم ئارتیران، هاندەرێکی دیکەی یانەکە، پێگەی ئامەدسپۆری روونکردەوە و گوتی: "ئامەدسپۆر بۆ ئێمە تەنیا یانەیەک نییە، بەڵکو ناسنامە و کەرامەتە، بۆیە پشتیوانی لێدەکەین و سەرکەوتنمان دەوێت."
لە نێو هاندەراندا، خەزاڵ ئۆزدەمیر گوتی: "هیوامان بردنەوەی ئامەدسپۆرە، ئەمە یانەی ئێمەی کوردە و دەمانەوێت دەنگ و رەنگمان بەرز بکەینەوە."
تەنانەت بەرفین جاندان، کە هاندەری گاڵاتاسارای بوو، دەڵێ: "من هاندەری گاڵاتاسارایم بەڵام دەمەوێت ئامەدسپۆر ببێتە پاڵەوان، ئەمڕۆ من هاندەری ئامەدسپۆرم."
شڤان دەمیرجی، هاندەرێکی دیکە، ئاماژەی بەوە کرد: "لەوانەیە دۆڕابێتین، بەڵام لە راستییدا ئێمە سەرکەوتین."
لە هەمان کاتدا هاندەرانی گاڵاتاسارایش دانیان بە ئاستبەرزیی ئامەدسپۆردا نا، وەک تونجای ئەردۆغان کە باسی لەوە کرد ئامەدسپۆر سەرەڕای ئەوەی 3-0 لە دواوە بوو، بەڵام کۆڵی نەدا.
هەڵوێستی یاسایی؛ 15 سەندیکای پارێزەران سکاڵا تۆمار دەکەن
کاردانەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی وەرزشدا نەمایەوە؛ 15 سەندیکای پارێزەران (بارۆ) لە باکووری کوردستان، لەنێویاندا بارۆکانی ئامەد، ماردین و وان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بە تووندی سەرکۆنەی پۆستەکەی گاڵاتاسارایان کرد و رایانگەیاند، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر و سکاڵا لە دژی ئەوانە تۆمار دەکەن کە پۆستەکەیان ئامادە و بڵاوکردووەتەوە.
بارۆکان لە راگەیێندراوەکەیاندا باسیان لەوە کرد، هێمای (کیسی زەرد) لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی کورددا گوزارشت لە ئازار، لەدەستدان و شین دەکات، بەکارهێنانی لە ململانێیەکی وەرزشیدا بێڕێزیکردنە بە ئازارەکانی رابردوو و هاندانی رق و کینەیە.
بایکۆتی سەرانسەری و سڕینەوەی لۆگۆی یانەکە لەلایەن هاندەرانی دێرینەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەتان هاندەری کوردی گاڵاتاسارای دەستیان بە کەمپینی بایکۆتکردنی یانەکە کرد و درێسەکانیان فڕێدا یان سووتاندیان، بەو پێیەی بەشێکی بەرچاوی هاندەرانی کورد لە تورکیا هاندەری گاڵاتاساراین.
یەکێک لە دیمەنە هەرە سەرنجڕاکێشەکان، هەڵوێستی مەهدی کەسکینکلچ بوو، دانیشتووی گوندی چڕک سەر بە شارۆچکەی فارقینی ئامەد، کە ماوەی 30 ساڵ بوو هاندەرێکی سەرسەختی گاڵاتاسارای بوو و چوار ساڵ لەمەوبەر تەواوی خانووەکەی بە رەنگەکانی زەرد و سووری یانەکە بۆیە کردبوو و لۆگۆی گاڵاتاسارای لەسەر دیواری ماڵەکەی کێشابوو. کەسکینکلچ دوای بینینی پۆستەکە، بە دەستەکانی خۆی لۆگۆی گاڵاتاسارای لەسەر دیواری ماڵەکەی سڕییەوە.
مەهدی کەسکینکلچ لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی: "من لێرەوە بانگی سەرۆکی یانەی گاڵاتاسارای دەکەم؛ ئێوە ئەم کارەتان بەرامبەر بە 60 ملیۆن کورد کرد. ئەگەر ئێوە بەرگەی 60 ملیۆن کورد نەگرن، منیش بەرگەی بینینی ئەم لۆگۆیەی ئێوەم نییە! بانگی ئەو برایانەم دەکەم کە هاندەری گاڵاتاساراین، بگەڕێنەوە سەر ناسنامەی خۆتان. هەرکەسێک بەرگەی کوردبوونی ئێوەی نەبێت، نابێت ئێوەش بەرگەی ئەوان بگرن."
کەسکینکلچ رایگەیاند، چیدی ناوی گاڵاتاسارای لە ماڵەکەیدا ناهێڵێت و تەواوی دیوارەکانی بە رەنگی سەوز و سووری ئامەدسپۆر بۆیە دەکات و لۆگۆی ئامەدسپۆر لە شوێنی دادەنێت.
ئەم گرژی و ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ساڵێک بەسەر کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام رووداوەکەی یاریگەی رامس پارک پێشانی دا کە برین و هەستیارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە تورکیا هێشتا بە ئاسانی دەتوانن ململانێیەکی وەرزشی بگۆڕن بۆ گرژییەکی نەتەوەیی بەرفراوان.

