رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێداگریی لە پرۆسەی چارەسەریدا کردەوە و رایگەیاند، "دوای دڵنیابوون لە چەکدانان، دەچینە قۆناخێکی نوێوە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەکاتی گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ کۆریای باشوور، لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و رایگەیاند، لە پرۆسەی چارەسەریدا، کارەکانی "دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە" بەپێی پلان بەردەوامن و دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە، هەنگاو بۆ قۆناخێکی نوێ دەنێن.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت و گوتی: "بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گەورەیەی کە گەلەکەمان ئارەزووی دەکات، بە وریاییەوە هەنگاو دەنێین. هەندێجار رەنگە ئەم پێشکەوتنانە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە دیار نەبن، بەڵام پێداگریی ئێمە لێرەدا زۆر روونە."
"ئەشکەوتەکان چۆڵ دەکرێن"
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی چەکدانان لەژێر چاودێریدایە و گوتی: "ئەشکەوتەکانی ئەودیوی سنوورەکانمان قۆناخ بە قۆناخ چۆڵ دەکرێن. کارەکانی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە بەپێی پلانی داڕێژراو بەردەوامن."
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر کارەکانی لیژنەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت و گوتی: "دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتمان بە تەواوی زاڵن بەسەر بابەتەکەدا. کاتێک چەکدانان بە تەواوی جێبەجێ کرا و پرۆسەکانی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە تەواو بوون، دەچینە قۆناخێکی نوێوە. چارەسەرکردنی کێشەی وا گەورە، پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی هەستیارە و ئێمەش هەوڵی ئەوە دەدەین."
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵیی سندووقەکانی وەبەرهێنان
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵیی لە سندووقەکانی وەبەرهێنان، ئەردۆغان رایگەیاند، هیچ سازشێک ناکرێت. "بەپێی نەخشەڕێگە، هەموو دامەزراوەیەک ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. مەحاڵە هیچ سازشێک بکەین. بەرتیل، نایاسایی، خراپ بەکارهێنان، هەموو ئەمانە یەک بە یەک ئاشکرا دەکرێن."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتی دادوەری کەسانی چاوەڕواننەکراوی لەنێو دۆسیەکەدا دەستنیشان کردووە و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.


