رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دایکانی ئاشتی، لە ئەنقەرە لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە و داواکارییەکانیان پێشکێش کردن.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دایکانی ئاشتی، لەچوارچێوەی سەردان و دیدارەکانیان لە پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەڕێوەچوو و لەلایەن دایکانی ئاشتییەوە هەریەک لە حەنیفە ئاکپۆلات، موزەییەن بوتون و عەفیفە کارتاڵ بەشداربوون.
لە دیدارەکەدا دایکانی ئاشتی داواکارییەکانیان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسیی گەیاندووەتە کورتوڵموش.
دایکانی ئاشتی دۆسیەیەکیان کە داواکارییەکانیانی تێدابووە و بە زمانەکانی کوردی و تورکی ئامادەکرابوو، پێشکێشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کردووە.
دایکانی ئاشتی دوێنێش لەگەڵ پارتی نوێ (یەنی پارتی) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، مەهەپە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کۆببوونەوە.
دایکانی ئاشتی، بزووتنەوەیەکی مەدەنی و مافناسی ژنانە، لە ساڵی 1996 لە تورکیا و باکووری کوردستان دامەزراوە. ئەم گرووپە زۆربەیان لەو دایکانە پێکهاتوون کە منداڵەکانیان لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندان.
داواکاری و ئامانجی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیالۆگ، فەرمیکردنی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە و خوێندن، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و باشترکردنی دۆخی زیندانەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بێسەروشوێن کراون.
