رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەیامێکی نوێدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و چەکدانان رایدەگەیێنێت، یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی قۆناخەکە بنیاتنانەوەی متمانەی هاوبەشە و دەشڵێت: "رێگەی چارەسەر بە دەرگایەکدا تێناپەڕێت کە تەنیا بە یەک کلیل بکرێتەوە، بەڵکو لە دەستی هەر ئەکتەرێکدا کلیلێک هەیە بۆ کردنەوەی دەرگایەک."
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "هەموو قۆناخەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پرۆسەی چەکدانان سەختن، گرنگ ئەوەیە هەموو ئەو لایەنانەی رۆڵ دەگێڕن، تواناکانیان بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و گۆڕینی دەرفەتەکان بۆ دەستکەوتی هاوبەش بخەنەگەڕ."
دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک لایەن باوەڕیان بە پرۆسەکە هەیە و تێدەکۆشن، بەڵام لە بەرامبەردا لایەن هەن بەهۆی ئەزموونی رابردووەوە دوودڵن، لایەنی دیکەش هەن بەردەوام لە خۆدزینەوە و بیانوودۆزینەوەدان. دەشڵێت: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بنبەستبوون، رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی ویستی گۆڕانکارییە لەگەڵ ئەو تێگەیشتنانەی کە لە دژی گۆڕانکارین."
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە تیشکی خستە سەر رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و روونیکردەوە: "ئەوەی جیاوازی لە شێوازی رێبەرایەتیی بەڕێز ئۆجەلاندا دروستدەکات، ئەوەیە کە بە باشی ئەم هاوسەنگییانە دەبینێت و بە هەنگاوی بوێرانە سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی زەمینەی سیاسەت. بەڕێز ئۆجەلان لەمێژە درکی بەوە کردووە کە خەباتی چەکداری پاشەکشەی کردووە، هەربۆیە لە یەک کاتدا رێکخراوەکە و دەوڵەتیش بانگهێشتی گۆڕانکاری دەکات."
دەمیرتاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەری بە تەنیا لە ئەستۆی یەک لایەن نییە و دەڵێت: "لە دەستی هەر ئەکتەرێکدا کلیلێک هەیە کە دەتوانێت دەرگای جیاواز بکاتەوە؛ گرنگ ئەوەیە هەمووان کلیلی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی رێگەیەکی هاوبەش بکەنەوە و بەربەستەکان تێپەڕێنن تاوەکو رێگە بۆ بەدیموکراسیکردن و ئازادی خۆش ببێت."
سەبارەت بە بێمتمانەییش، دەمیرتاش هۆشداری دا و گوتی: "ئەو بێمتمانەییەی لە ئەزموونی رابردوو، بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان و شکانە قورسەکانەوە دروستبووە، بە تەنیا بە بانگەوازی نیازپاکانە تێناپەڕێنرێت. لەبری ئەوەی لایەنەکان پێشوەختە چاوەڕێی متمانە لە یەکدی بکەن، پێویستە هاوکار بن لە رەخساندنی ئەو مەرجانەی کە متمانەی هاوبەش دروست دەکەن."
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە. سەرەڕای ئەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا (ECtHR) و ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەورووپا چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی دەستبەجێیان بۆ دەرکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا پابەندی بڕیارەکان نەبوون و لە دۆسیەکانی وەک "کۆبانێ"دا سزای نوێیان بەسەردا سەپاندووە.
