رووداو دیجیتاڵ
|
گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بە رێژەیەکی زۆر روونبووەتەوە کە هەڵبژاردنەکان لە ئادار یان نیسانی 2028 بەڕێوەدەچێت و گوتی، "18 مانگ بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد ئوچوم، لە کۆشکى چانکایا-ی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەگەڵ رۆژنامەڤانان کۆبووەوە. باسی لە رۆژژمێری هەڵبژاردن، کاری دەستووری نوێ، پرۆسەی چارەسەر و چەندین رۆژەڤی گرنگی دیکەی ناوخۆیی و دەرەکیی کرد.
محەممەد ئوچوم، لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ رۆژی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گوتی، "بە رێژەیەکی زۆر روونبووەتەوە هەڵبژاردنەکان لە ئادار یان نیسانی 2028 دەکرێن."
ئوچوم، لەبارەی کارەکانی دەستووری نوێوە رایگەیاند، وەک سەرۆکی دەستەی سیاسەتەکانی سەرۆککۆمار، لەگەڵ وەزیری داد بابەتەکەیان تاوتوێ کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکان لەسەر رەهەندی سیاسەتی یاسایی، بنەما و پرەنسیپەکانی دەستووری نوێ چڕ دەبنەوە.
ئوچوم جەختی لەوە کردەوە، دەستووری نوێ دەبێت بە دڵنیاییەوە بخرێتە بەردەم دەنگی گەل و گوتی، "با 550-600 پەرلەمانتاریش پەسندی بکەن، بەبێ گشتپرسی ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دوایین وێستگە لەلایەن گەلەوە دەبێت. دەبێ گەل پەسندی بکات."
راوێژکارەکەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانین 1ی تشرینی دووەمی 2026 وەک رێککەوتی دەستپێکی پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری نوێ دیاری بکەین."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گوتی، ئەگەری زۆرە تاوەکو کۆتایی ساڵ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رابگەیێندرێت و پێش تەواوبوونی نیوەی یەکەمی ساڵی 2027، دەکرێت بچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، پێگەی سزادراوی ئۆجەلان ناگۆڕێت و ماوەی سزاکەی هەڵناسپێردرێت.


