رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، جەعفەر ماهیرئۆغڵو، خاوەنی کەناڵی (هاڵک تیڤی)، بە وەرگرتنی 14.4 ملیۆن لیرە (نزیکەی 300 هەزار دۆلار) بەرتیل تۆمەتبار کراوە. دەست بەسەر کۆمپانیاکانی ماهیرئۆغڵودا گیراوە و سندووقی بیمەی سپاردەکان (TMSF) وەک قەییوم بۆیان دانراوە. ماهیرئۆغڵو دەڵێت، "تۆمەتەکان بێ بنەمان."
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی سەرەکیی کەناڵی 'هاڵک تیڤی' لە ئیستەنبووڵ و قەییوم بۆ کەناڵەکە دانرا.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ جەعفەر ماهیرئۆغڵو، خاوەنی کەناڵەکە، ئاشکرای کرد، ماهیرئۆغڵو لە رێگەی پەیوەندییەکانی لە شارەوانیی گەورەی ئیزمیرەوە، کۆمپانیای BUSTECHـی دامەزراندووە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە تەندەرەکان سوودمەند بووە و 14.4 ملیۆن لیرە (نزیکەی 300 هەزار دۆلار) بەرتیلی وەرگرتووە.
هاوکات بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 17 کەس دەرچووە، 11 کەسیان دەستبەسەرکراون، چوار کەسیان لە دەرەوەی وڵاتن، یەکێکیان لە زیندانە و کار بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی دیکەش بەردەوامە.
تۆمەتەکان چین؟
بەپێی راگەیێندراوی داواکاری گشتی، ماهیرئۆغڵو لە رێگەی پەیوەندییەکانی لە شارەوانیی گەورەی ئیزمیر، کۆمپانیای BUSTECHـی بۆ کاروباری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دامەزراندووە و بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەی بە کەسانی نزیک لە خۆی سپاردووە. هەروەها لە رێگەی مامەڵەی پەیوەست بە تەندەرەکانی شارەوانییەوە، سوودی نایاسایی بەدەستهێنراوە و لەو چوارچێوەیەدا 14 ملیۆن و 464 هەزار لیرە وەک بەرتیل دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK)، کۆی گشتیی مامەڵە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی ماهیرئۆغڵو تێیاندا هاوبەش یان بەڕێوەبەر بووە، 30 ملیار و 352 ملیۆن لیرە (نزیکەی 615 هەزار دۆلار) بووە.
داواکاری گشتی ئەوەشی خستەڕوو، ماهیرئۆغڵو تۆمارێکی گەڕانی هەیە بە تۆمەتی "ساختەکاری لە تەندەرەکان"دا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی جیادا لەگەڵ شارەوانیی گەورەی ئیستەنبووڵ و لە 10ی ئاداری 2025ـەوە چووەتە دەرەوەی وڵات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، هەڵکوتانە سەر 'هاڵک تیڤی' و دانانی قەییومی بە "کارێک کە تەنیا دیکتاتۆرەکان دەیکەن" ناوبرد.
مانسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، بڕیارەکەی بە "دەستوەردانێکی ئاشکرا لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی گەل بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری" لە قەڵەم دا.
هەروەها سەندیکای رۆژنامەڤانانی تورکیا (TGS) رایگەیاند، "ئەم زۆردارییە قبووڵ ناکەین" و جەختی لەوە کردەوە کە "رۆژنامەگەری ئازادە و سانسۆر ناکرێت."
ماهیرئۆغڵو: تۆمەتەکان بێ بنەمان
جەعفەر ماهیرئۆغڵو، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی 'هاڵک تیڤی'، هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هەموو ئەو تۆمەتانەی بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی MASAK خراونەتەڕوو، بێ بنەمان. بەکارهێنانی دادگە وەک چەک، گەورەترین زیان بە تورکیا دەگەیێنێت."
ماهیرئۆغڵو، ئاماژەی بەوەش کرد، حەوت ئەندامی خێزانەکەی دەستبەسەرکراون و گوتی، "هێرشەکە تەنیا بۆ سەر من نەبووە." بەڵێنی دا بۆ وەرگرتنەوەی کەناڵەکە تێبکۆشێت و گوتی، "'هاڵک تیڤی' هی ئێمەیە، هی ئێوەیە. کەناڵەکەمان وەردەگرینەوە."
جەعفەر ماهیرئۆغڵو کێیە؟
جەعفەر ماهیرئۆغڵو، لە ساڵی 1966 لە سێواس-ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا وەک کرێکار چووەتە بەریتانیا. دوای ماوەیەک کارکردن، لە ساڵی 1991 کۆمپانیای 'ئارمۆندی تێکستیل'ی دامەزراند. یەکێک لە وەبەرهێنانە دیارەکانی، کڕینی زنجیرە فرۆشگای جلوبەرگی بەریتانی Select بوو لە ساڵی 2007. دوای وەبەرهێنان لە بواری جلوبەرگ و فرۆشتندا، رووی لە کەرتی میدیا کرد و لە ساڵی 2020 کەناڵی 'هاڵک تیڤی'ی کڕی.
سیاسەتی کەناڵەکە نزیکە لە ئۆپۆزیسیۆن و پێشتر جەهەپە پشتیوانی لێ دەکرد، بەڵام بەهۆی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رەها و گەڕاندنەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە، پەیوەندییەکانی ئەم کەناڵە لەگەڵ جەهەپە پچڕا و ئێستا نزیکە لە پارتی نوێ (یەنی پارتی) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل.
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی و پارتی نوێ (یەنی پارتی) بەتایبەتی دەڵێن، کەناڵەکە بەردەوام لێکۆڵینەوەی بنکۆڵکاری دەکرد لەبارەی قەیرانی سندووقە داراییەکان و بۆرسەی ئیستەنبووڵ کە بەهۆیەوە زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتیی هەژمارەکانیان لە پارە سفر کرایەوە و زیانی زۆریان بەرکەوت. لەم کەیسەدا دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی ئاکپارتی بە دزینی زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار تۆمەتبار کراوە، پرسەکە بە خراپ لەسەر ئاکپارتی شکایەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

