رووداو - دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکدا تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی دووشەممە 23-11-2026 لە پارێزگای مێردینی باکووردستاندا وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
هەنگاوی یاسایی و چاوەڕوانیی دەم پارتی لە دەوڵەت
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، چاوەڕوانیی سەرەکیی ئەوان و خەڵک ئەوەیە یاسای چوارچێوە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت و هیوای خواست لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی دووەمدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی (مەگەکە) بابەتەکە بخاتە رۆژەڤ و بڕیاری لەسەر بدات.
هاتیمئۆغوڵڵاری هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەرکی خۆیانیان جێبەجێ کردووە و گەریلا لەو شوێنانە کشاوەتەوە کە دەبوو چۆڵی بکات؛ بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەکرێت دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوی پێویست بنێن تاوەکو پرۆسەکە بچێتە قۆناخێکی دیکە.
سەردانی رۆژنامەڤانان و سیاسەتڤانان بۆ ئیمراڵی
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، دوای بانگەوازی 27ی شوباتی ئۆجەلان، چاوەڕێ دەکرا رۆژنامەڤان، سیاسەتڤان، ئەکادیمی و یاساناسان راستەوخۆ بچنە دوورگەی ئیمراڵی، بەڵام بەهۆی ئەو ئاستەنگییانەی دروستکران، تاوەکو ئێستا کەس نەنێردراوە. داوای کرد ئاستەنگەکانی بەردەم سەردانیکردنی ئیمراڵی نەمێنن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی
رووداو: شاندەکەتان چووە ئیمراڵی. هاووڵاتییانیش چاوەڕوانییەکییان هەیە. 27ی تشرینی دووەم کە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیە. ئایا ئێوە چاوەڕێی بانگەوازێکی نوێ دەکەن؟ چ هەنگاوێکی بەرچاو دەنرێت و چ جۆرە بانگەوازێک دەکرێت؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری – هاوسەرۆکی دەم پارتی: "چاوەڕوانیی روونی ئێمە لەم پرۆسەیە ئەوەیە کە یاسای چوارچێوە بە شێوەیەکی خێرا جێبەجێ بکرێت. ئێستا لە هەموو لایەکی تورکیا چاوەڕوانیی سەرەکیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان ئەمەیە. بەڵام لەم بابەتەدا دواخستن هەیە. هیوادارین لەگەڵ ئەم هاتوچۆیەدا خێراتر بکرێت. هیوادارین لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی مانگی تشرینی دووەمدا یاسای چوارچێوە بخرێتە رۆژەڤ و بڕیاری لەسەر بدرێت. وەک دەزانن جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە. تاوەکو بڕیاری لەسەر نەدرێت، یاساکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ ئەنجامێکمان لێی وەرنەگرتووە. بەڕێز ئۆجەلان پێشتریش بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی پرۆسەکە بانگەوازی گرنگی کردووە. هیوادارین بانگەواز لە ئیمراڵییەوە بکرێت. بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمراڵی ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی، زیاتریش دەکات. بە هەمان شێوە، بزووتنەوە و رێکخستنیش تاوەکو ئەمڕۆ ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ئەوەی لەسەر مێز قسەی لەسەر کراوە، جێبەجێی کردووە. ئێستا چاوەڕوان دەکرێت کە دەوڵەت و دەسەڵات هەنگاوی بەرچاو بنێن. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە تێپەڕێت بۆ قۆناخێکی دیکە، ئەم شتانە پێویستن."
رووداو: کاتێک سەیری پێشهاتەکانی ئیمراڵی دەکەین، باس لە هەندێک ناو دەکرێت کە دەچن بۆ ئیمراڵی. رۆژنامەڤان، سیاسەتمەدار، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی... ئایا هیچ لەوبارەیەوە هەیە؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری – هاوسەرۆکی دەم پارتی: "ئەم بابەتە ماوەیەکی درێژە لە رۆژەڤدایە. دوای ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان بانگەوازی 27ی شوباتی کرد، چاوەڕوان دەکرا کە راستەوخۆ رۆژنامەڤان، سیاسی، ئەکادیمی و یاساناس بچنە دوورگەکە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە رووی نەداوە. بەڵام ئێستا پێشهاتی زۆر روویانداوە. مەبەستم لە پێشهاتی زۆر ئەوەیە، بزووتنەوەکە لە هەموو ئەو شوێنانەی کە دەبوو چۆڵی بکات، کشاوەتەوە. یاسای چوارچێوە دەرچووە، بەڵام لەبەرئەوەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە، جێبەجێ ناکرێت. باشە، بۆ جێبەجێکردنی چاوەڕێی چین؟ بۆ ئەوەی بچن چاوپێکەوتن بکەن، ئاستەنگی بەردەم رۆژنامەڤانان چییە؟ لە راستیدا دەبوو لە سەرەتاوە هیچ ئاستەنگێک نەبووایە، بەڵام ئەوان ئاستەنگیان دروستکرد. ئێستا دەبێت ئاستەنگ نەمێنێت. بەپێی دەوڵەت و بەپێی دەسەڵاتیش دەبوو هیچ ئاستەنگێک نەمابایە. بەڵام تاوەکو ئێستا کەسیان نەناردووە. هیوادارین لەو بابەتەشدا خێراییەک هەبێت. بێگومان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکە و هاتوچۆکان بۆ ئیمراڵی، ئێمە وا بیردەکەینەوە کە بۆ هەندێک گرێکوێرەش پێشهات روودەدەن."
رووداو: وا تێدەگەین کە کێشەیەک دروست بووە؛ دیارە رێککەوتن لەسەر شارەکان کۆتایی هاتووە. دیدارەکانی پارتی زەفەر و پارتی نوێ دەستیان پێکرد و ئێوەش دەزانن کە گوتیان ئەندام نادەنە کۆمیسیۆنەکان. دەتانەوێت هۆکاری ئەمە بڵێن؟ ئایا پەیوەندییەکان بە تەواوی پچڕاون؟
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری – هاوسەرۆکی دەم پارتی: "ئەگەر ئێوە (رێککەوتنی شار) وەک رێککەوتنێک لەنێوان دوو پارتی سیاسی هەڵبسەنگێنن، ئەوە بە هەڵە لێی تێگەیشتوون. لای ئێمە (رێککەوتنی شار) بەو واتایە دێت کە سەرجەم دینامیکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو شارێک بە رێککەوتنێکی هاوبەش، هاوئاهەنگی بکەن. ئێمە (رێککەوتنی شار) بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنین. بۆیە لێرەوە ئەو ئەنجامە دەرناچێت کە (رێککەوتنی شار) کۆتایی هاتووە. ئەوە شیکردنەوەیەکی هەڵەیە. چونکە ئێمە هەمیشە، چ لەسەر ئاستی ناوەند و چ لەسەر ئاستی هەرێمی، بۆ سیاسەتکردن لەگەڵ سەرجەم دینامیکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شارێکدا، لە چوارچێوەی پێداویستییەکانی ئەو شارەدا، دەرگاکانمان بە کراوەیی دەهێڵینەوە. هەمیشەش بەو شێوەیە دەبێت. بەڵام مەسەلەکە لێرەدا ئەوەیە کە لێدوانێکی بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل هەیە. بەڵێ، لەگەڵ ئەم لێدوانەدا کاردانەوەی جیاوازیش دروستبوون. هەڵوێستی بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل تاوەکو ئەمڕۆ ئەرێنی بووە. دەمانەوێت لەمەودواش بۆ ئەم پرۆسەیە ئەم هەڵوێستە ئەرێنییە بەردەوام بێت. لەسەر ئەمە خاڵێکی دیکەش هەیە کە پێویستە بیڵێم: بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە زیندانەوە نامەیەکی ناردووە. زۆر ئەرێنییە، پرۆسەکە بە گشتی هەڵدەسەنگێنێت و رایگەیاندووە کە پرۆسەی ئاشتی لە هەموو ئەکتەر و پارتە سیاسییەکان بەرزترە. لە راستیدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئێمە ئەم نووسینە بە زۆر گرنگ و بەنرخ دەزانین."


