رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی خاکی ئازەربایجان دووپاتکردەوە و هۆشداری دا لەوەی دەستوەردان لە یاسا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە زیان بە یەکڕیزیی جیهانی تورک دەگەیێنێت؛ ئەوەش لە کاتێکدایە پرسی "قەدەخەکردنی سەرپۆش" بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەنقەرە و باکۆ.
رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، دەوڵەت باخچەلی، لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی سەرۆکایەتیی خولیی تورکیا لە "رێکخراوی دەوڵەتانی تورک"، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتە تورکەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و یاسا نێوخۆییەکانی هەر وڵاتێک دامەزراوە.
سەرۆکی مەهەپە گوتی: "ئامانجی ئێمە قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیمانە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکدی بۆ سەروەری و سەربەخۆیی کۆمارە تورکەکان، بەبێ ئەوەی رێگە بدەین هیچ تۆوێکی دووبەرەکی لەنێوماندا بچێندرێت کە زیان بە برایەتی و دڵسۆزیی نێوانمان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئازەربایجان بگەیێنێت."
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوی دەوڵەتانی تورک بووەتە چەترێکی گەورە لە دەریای ئەدریاتیکەوە تاوەکو دیواری چین، بەڵام جەختی کردەوە: "هەر کۆمارێکی تورک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیارە و نابێت هیچ شتێک ببێتە مایەی ناکۆکی لەنێوانماندا."
هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان لەسەر دروشمی "یەک میللەت، دوو دەوڵەت" بەڕێوەدەچن، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی دەرکردنی یاسایەکی نوێ لە باکۆ بۆ قەدەخەکردنی پۆشینی حیجاب (باڵاپۆشی) لە ناوەندەکانی خوێندندا، ساردی کەوتووەتە پەیوەندییەکان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لەو بڕیارە گرتبوو و داوای کردبوو دەستبەرداری قەدەخەی باڵاپۆشی ببن؛ لە بەرامبەردا ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانیش بەبێ ناوهێنانی تورکیا پەیامێکی تووندی دابوو و گوتبووی، رێگە بە هیچ وڵاتێکی دۆست یان بێگانە نادەن دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەیاندا بکات.

.jpg&w=3840&q=75)

