رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی رێککەوتنی مەککە کە لەنێوان تورکیا، پاکستان و سعودیە واژۆکراوە رایگەیاند، "کاتێک وڵاتێکی ئەندامی ئەم رێککەوتنە هێرشی بکرێتەسەر، ئێمە بۆ بەرگریکردن لەگەڵیدا دەبین. ئەمە رێککەوتنی هێرشکردن نییە. تورکیا سەرباز بۆ خاکی وڵاتێکی دیکە نانێرێت و لەوێ هێرش ناکات."
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاکان فیدان، لە ئەنقەرە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئانیتا ئۆربان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی هەنگاریا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا قسەی کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شەڕی رووسیا-ئۆکراینا وەک یەکێک لە هەڕەشە سەرەکییەکان بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی و جیهانی بەردەوامە و گوتی، "لە سەرەتای شەڕەکەوە، زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە پێکدادانەکان بۆ دەریای رەش ناگوازرێنەوە. جێبەجێکردنی وردی رێککەوتنی مۆنترۆ و دەستپێشخەریی گەنمی دەریای رەش، نموونەی بەرجەستەی ئەم هەڵوێستەی ئێمەن."
هاکان فیدان، وەبیریهێنایەوە کە لە 5ی تشرینی یەکەم بەشداریی لە "کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" لە ریازی پایتەختی سعودیە کردووە و گوتی: "هۆکاری سەرەکیی بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوە نائاساییەکە، لە راستیدا گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو هێرشانەی کە بە تایبەتی رووبەڕووی سعودیە دەبنەوە. لە لایەکی دیکەوە، چەند بڕیارێکی جدی هەبوون کە دەبوو لەبارەی بە دامەزراوەییکردنەوە بدرێن. بە تایبەتی بابەتی وەک پێکهاتەی بارەگای سەربازی، دۆخی سکرتارییەت و دامەزراندنی سکرتێری نوێ، لەنێو مادە پەیوەندیدارەکان بە بەدامەزراوەییکردن بوون."
بەگوتەی هاکان فیدان، سەرەڕای ئەوەی کاتێکی زۆر بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا تێنەپەڕیوە، بەڵام هەنگاوە پراکتیکی و بە دامەزراوەییەکان زۆر بەخێرایی نراون و گوتی، "لایەنەکان بەو ئیرادەیەی نیشانیانداوە، دەریانخستووە کە لەم بابەتەدا جدین و دەیانەوێت ئەنجامی بەرجەستە ببینن."
دووپاتیکردەوە کە رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش، "رێککەوتنێکی بەرگرییە" و گوتی، "کاتێک وڵاتێکی ئەندامی ئەم رێککەوتنە هێرشی بکرێتەسەر، ئێمە بۆ بەرگریکردن لەگەڵیدا دەبین. ئەمە رێککەوتنی هێرشکردن نییە. تورکیا سەرباز بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکە نانێرێت و لەوێ هێرش ئەنجام نادات."
هاکان فیدان، لە کۆتاییدا گوتی، "کارە پێویستەکان بۆ ناردنی رێککەوتنەکە بۆ پەرلەمان گەیشتوونەتە کۆتایی. دوێنێ دوایین پێشنیازی خۆمان لەمبارەیەوە پێشکێشی سەرۆککۆمارمان کرد. بڕیارمانداوە لە نزیکترین کاتدا رەوانەی پەرلەمانی بکەین. ئێمە کارەکانی خۆمان نزیکەی تەواو کردووە."


