رووداو دیجیتاڵ
گەردەلوولێک لە ناوچەی کێپەزی سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا هەڵیکرد و دوو کۆنتەینەری کرێکارانی لە شوێنێکی بیناسازیدا تێکشکاند. لە ئەنجامدا چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و کرێکارێکیش بریندار بوو.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 27-10-2026، لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا، گەردەلوولێک لە شوێنێکی بیناسازی هەڵیکرد و بووە هۆی تێکشکانی دوو کۆنتەینەر کە کرێکارەکان تێیدا دەمانەوە. دوو کرێکار لە شوێنی رووداوەکە و دوو کرێکاری دیکەش دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.
دوای رووداوەکە تیمەکانی فریاگوزاریی خێرا، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە.
خولوسی شاهین، پارێزگاری ئەنتاڵیا، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند، بەهۆی گەردەلوولەکەوە کرێنێکیش لە هەمان شوێنی بیناسازییەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
پارێزگاری ئەنتاڵیا گوتی: "رووبەڕووی رووداوێکی سرووشتیی زۆر سەیر بووینەتەوە، چونکە لە هیچ شوێنێکی دیکەی شارەکەدا باسی گەردەلوول و زریان نەکراوە. باڵەخانەکانی دەوروبەریش هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، بەڵام تەنیا لەم ناوچەیەدا گەردەلوولێک دوو کۆنتەینەری وردوخاش کردووە."
دووشەممە، 26-10-2027، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداریی "کۆدی زەرد"ی بۆ 10 شاری وڵاتەکە بڵاوکردەوە، یەکێکیان ئەنتاڵیا بوو.
کۆدی زەرد بەواتای ئەوە دێت رەوشی کەشوهەوا ئەگەری مەترسیی هەیە. هەرچەندە دیاردە چاوەڕوانکراوەکەی کەشوهەوا نائاسایی نییە، بەڵام لەوانەیە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی دەرەوە و ژیانی رۆژانە هەبێت. ئەو دۆخە کەشناسییانەی کە چاوەرواندەکرێ لە کاتی کۆدی زەرد رووبدەن، بریتین لە بارانی بەخوڕ و بروسکە، بای بەهێز، زریان، بەفری چڕ، بەستن یان تەم.

