رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد (DTSO) رایدەگەیێنێت، گەشەی ئابووریی باکووری کوردستان بەستراوەتەوە بە بازرگانی لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریا؛ هاوکات داوا دەکات ئەنقەرە دەستبەرداری تێڕوانینی ئەمنی بێت بۆ سنوورەکان و چوار دەروازەی داخراوی نێوان باکوور و باشووری کوردستان بە تەواوی بۆ بازرگانی بکرێنەوە. محەممەد کایا، کە بەبێ رکابەر بۆ جاری سێیەم وەک سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد هەڵبژێردرایەوە، لە بۆڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا تیشکی خستە سەر رەوشی ئابووریی ناوچەکە و گوتی: "عێراق و سووریا پێکەوە 60٪ـی کۆی گشتیی هەناردەی ئامەد پێکدەهێنن؛ بە تەنیاش بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 50٪ـی تەواوی هەناردەی شارەکەمان لەخۆدەگرن." سەبارەت بە دۆخی ئێستای بازرگانیش، کایا گوتی: "لە 9 مانگی رابردوودا بەراورد بە پار، هەناردەمان بەهۆی قەیرانی ئابووریی تورکیا و رێکارە باجییەکانی بەغدا زیاتر لە 20٪ پاشەکشەی کردووە، ئەگەر فریای نەکەوین، تورکیا بە خێرایی لە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی بازاڕی عێراقدایە." داواکاری بۆ کردنەوەی دەروازە داخراوەکان سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد رەخنەی لەوە گرت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنیا بەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیلدا قەتیس کراوە و گوتی: "ئێمە چوار دەروازەی سنووریی دیکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن کە ئێستا داخراون. داوا دەکەین دەستبەجێ دەروازەی ئوزوملو (سەرزێڕێ) و دەروازەکانی سنووری وان بە تەواوی بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بارهەڵگرەکان بکرێنەوە تاوەکو قەرەباڵخی و بارگرانی لەسەر یەک دەروازە نەمێنێت." سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیش، کایا ئاماژەی بەوە کرد، مەودای نێوان ئامەد بۆ دەروازەی نوسەیبین بەرامبەر قامیشلۆ کورتە و کردنەوەی ئەو دەروازەیە تەواوی پیشەسازیی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە و داواکارییەکەشیان گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا. شکستی سیستەمی هاندانی وەبەرهێنان لە ناوچە کوردییەکان محەممەد کایا باسی لەوە کرد کە سیاسەتە ئەمنییەکان لە چەند دەیەی رابردوودا گەورەترین گورزیان لە ئابووریی باکووری کوردستان داوە، بە جۆرێک لە پلەبەندیی گەشەپێدانی ئابووریدا، 20 پارێزگای کۆتایی لیستەکە شارە کوردییەکانن: "سیستەمی هاندانی وەبەرهێنان کە ئەنقەرە لە 24 ساڵدا 16 جار گۆڕانکاریی تێدا کردووە، شکستی هێناوە؛ چونکە پشکی 29 پارێزگای کوردی تەنیا 10٪ بووە، لە کاتێکدا هەرێمێکی وەک ئیستەنبووڵ 60٪ـی بردووە؛ ئەو رەچەتەیەی لە ئەنقەرەوە دەنووسرێت، بە کەڵکی دەردی ناوچەی ئێمە نایەت." پلانی نوێی ژووری بازرگانیی ئامەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد ستراتیژیی خولی نوێی کارەکانیانی بەم شێوەیە روونکردەوە: دەستەی هاوئاهەنگیی ئابووری: داڕشتنی پێشنیازی تایبەت بە وەبەرهێنان لەلایەن خودی پارێزگاکانی باکووری کوردستانەوە بۆ حکومەت. سندووقی دارایی: دروستکردنی سندووقێکی تایبەت بۆ پێدانی قەرز بە پرۆژە بچووکەکان و کۆمەڵە هەرەوەزییەکان. سەنتەری زانیاریی هەناردە: دابینکردنی داتا و بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمەکان لەسەر ئاستی جیهان. ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا: کردنەوەی بەشێکی تایبەت بە راهێنانی بازرگانان بە تەکنەلۆژیای سەردەم. راکێشانی کارگەکان: بەهۆی مەترسیی بوومەلەرزە لە ئیستەنبووڵ، هەوڵدەدەن کارگەکان بگوێزنەوە بۆ ئامەد کە خاوەنی هێزێکی کاری گەنجی زۆرە، بۆ ئەمەش داوای هێڵی شەمەندەفەری خێرا و رێگەی گونجاو لە حکومەت دەکەن.
تورکیا07-10-2026بەرپرسێکی جەهەپە: رۆیشتنی ئەندامانمان بۆ ئاکپارتی ساختەکاری و راکردنە لە دۆسیەکانی گەندەڵی