رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەشی بڵاوکردەوە. ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان تاوتوێی پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی و رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە دەکات. لەپاڵ ئەمەشدا لیژنەی پلان و بودجە تاوتوێی بودجەی ساڵی 2027ی پێنج وەزارەت دەکات، بەڵام هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێری پرۆسەی چارەسەری تێدا نییە.
سەرەڕای ئەوەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 1ی تشرینی یەکەم لە گوتاری دەستپێکی وەرزی نوێی یاساداناندا باسی لە کاراکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە کرد، بەڵام مانگێک بەسەر کرانەوەی پەرلەمان تێپەڕی، دۆسیەکە نەخراوەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.
بڕیاربوو لە هەفتەی دووەمی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێریی پرۆسەی چارەسەریی دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی کارا بکرێت و لیژنە لاوەکییەکان دەستبەکاربن و ئەرکی سوپا و هەواڵگریی بەپێی یاسا کار بۆ پرۆسەکە بکەن. ئەویش نەکرا.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی ئەم هەفتەیەدا، گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی بەردەوام دەبێت. بەپێی پڕۆژەیاساکە مانگی سووری تورکی دەبێتە تاکە لایەنی فەرمی بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن تۆڕی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوورەوە دەگاتە تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە دەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتییەوە. چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەمبارەیەوە زانیاری پێشکێش بە پەرلەمانتاران بکات.
رێککەوتنەکە لە 7ی ئابی 2026 لەنێوان تورکیا، پاکستان و سعودیە واژۆ کراوە و هەفتەی رابردوو لە لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان پەسند کرا.
تاوتوێکردنی بودجەی 2027
گفتوگۆکان لەبارەی بودجەی ساڵی 2027 لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە. لیژنەی پلان و بودجە لەم هەفتەیەدا تاوتوێی بودجە و راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ئەم وەزارەتانە دەکات:
دووشەممە: وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا
سێشەممە: وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی
چوارشەممە: وەزارەتی بازرگانی
پێنجشەممە: وەزارەتی گەنجینە و دارایی
هەینی: وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار
لیژنەی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان
لیژنەی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان بەردەوام دەبێت لە پێداچوونەوە بە خشتەی دارایی ساڵانی 2023 و 2024ی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان. ئەم هەفتەیە، لیژنەکە وردبینی لە خشتەی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت، دامەزراوەی پیشەسازیی ئامێر و کیمیا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێڵی ئاسنینی دەوڵەت و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی پەیوەندیدار دەکات.
بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (3و4ـی مانگ)، فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان ئەنجام بدەن.
پرۆسەی چارەسەری
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان لە سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595 (یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزرا.
ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن. یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوازرایەوە شوێنە نوێیەکەی خۆی کە باڵەخانەیەکی تایبەتە بۆ ژیان و کارکردنی لە نووسینگەی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری لە دوورگەی ئیمراڵیی.


