رووداو دیجیتاڵ
سەرکردە و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پشتڕاستیان کردەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوێزراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە دوورگەی ئیمراڵی؛ جەختیش دەکەنەوە کە خەمی سەرەکیی ئۆجەلان رەخساندنی کەشێکی لەبارە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی و دەبێت وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتەوایی دەستبەکار بێت.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی "ژنان باسی داهاتوو دەکەن" لە ئەنقەرە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند: "ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەڕێز ئۆجەلان چووەتە شوێنە نوێیەکەی. بەڵام خەمی ئەو گواستنەوە بۆ خانووی نوێ نییە، بەڵکو گرنگیی ئەم شوێنە لە رۆڵە سیاسییەکەیدایە، هەرچەندە ئەم هەنگاوە بابەتی ستاتۆ (پێگەی یاسایی) چارەسەر ناکات."
"ئۆجەلان دەبێتە سەرۆکی کۆمیسیۆنی بە سیاسیکردن و ئاشتەوایی"
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکرای کرد، بەپێی "یاسای چوارچێوە" چەند کۆمیسیۆنێک پێکدەهێنرێن کە یەکێکیان "کۆمیسیۆنی بە سیاسیکردن و ئاشتەواییە" و رێکخەری سەرەکیی ئەو کۆمیسیۆنەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتیشی: "ناوەکانی نێو ئەو کۆمیسیۆنە تا رادەیەکی زۆر یەکلاکراونەتەوە؛ ئێستا گرنگ ئەوەیە کۆمیسیۆنەکە بە شێوەیەکی کرداری بچێتە ئیمراڵی و لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێز ئۆجەلان دەست بە کارەکانی بکات، لەگەڵ رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و رۆژنامەڤانانیش بتوانن سەردانی بکەن."
پەروین بوڵدان: شوێنە نوێیەکە هێشتا سەر بە زیندانە
لەلای خۆیەوە، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بە رووداوی گوت: "پێم باش نییە مانایەکی لەڕادەبەدەر گەورە بەم گواستنەوەیە بدرێت؛ پێویستە هەمووان بزانن کە ئەو شوێنە لە دەرەوەی گرتووخانە نییە، بەڵکو بە تەواوەتی بەشێکە لە زیندان، تەنیا زەوینەیەکی گونجاوترە بۆ کارکردنی سیاسی."
پەروین بوڵدان روونیکردەوە کە تەنیا گۆڕینی شوێن بەس نییە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان و گوتی: "لە دوا دیداری 13ی ئەیلوولماندا، باسی چەند هەنگاوێک کرا کە دواتر دەسەڵات جێبەجێی نەکردن و بووە هۆی سستبوونی پرۆسەکە؛ دەبێت هەنگاوی کردەیی بنرێن تاوەکو متمانە دروستببێت."
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: ئۆجەلان بە دوای ئاسوودەیی خۆیەوە نییە
نەورۆز ئویساڵ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند: "رێبەری گەلی کورد 28 ساڵە لە ژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە؛ ئەو بەدوای ئاسوودەیی خۆیدا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای ئاشتی و چارەسەریدایە، بۆیە ئەم گۆڕانکارییە دواکەوتووە و هێشتا بەس نییە."
هاوکات ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئۆجەلان ئەکتەری سەرەکیی ئاشتییە لە تورکیا و دەبێت دەرگەی ئیمراڵی بەڕووی سیاسەتمەداران و میدیاکاندا واڵا بکرێت تاوەکو گومانەکان بڕەوێنەوە.
هەروەها مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم رایگەیاند کە ئەو هەنگاوەی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە و گوتی:"ئێمە داوای ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجەلان دەکەین. چونکە لەو وڵاتانەی دیکەش کە وەکو ئێمە پرۆسە بەڕێوەدەبەن، ئاکتۆرەکانیان ئازادن. ئەم کارە (گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان) هەنگاوێکی زۆر بچووکە، بەڵام هیوادارین هەنگاوی گەورەتری بەدواوە بێت".
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هاتن کە شەوی رابردوو، مەدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد، ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە نێو دوورگەی ئیمراڵی، کە ئەوەش کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیادا بەدوای خۆیدا هێنا.


