رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا و یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکانی تورکیا لە ئەنقەرە رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 16ی نیسانی 2028دا دەکرێت.
ئوچوم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر پەرلەمان بە دەنگی 360 پەرلەمانتار بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات، رێککەوتی 16ی نیسان بەهۆی هاوكاتبوونی لەگەڵ راپرسیی گۆڕینی سیستەمی بەرێوەبردنی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، سیمبۆڵییەکی تایبەتی دەبێت.
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ دوایین جار خۆی بەربژێر دەکات.
بەپێی دەستووری تورکیا، سەرۆککۆمار دەتوانێت بۆ دوو خول لەسەر کار بێت، بەڵام ئەگەر پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی 360 پەرلەمانتار بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات و تورکیا بچێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرۆککۆماری ئێستا مافی ئەوەی دەبێت بۆ خولێکی دیکەش خۆی بەربژێر بکاتەوە.



