رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەنجامی راپرسییەک لەبارەی یانەی ئامەدسپۆر و رایدەگەیێنێت، تێکەڵکردنی وەرزش و ناسنامە "لەدەستدانی هۆشە". دەشڵێت، ئەو راپرسییە هەوڵێکە بۆ زیندووهێشتنەوەی "خیانەتی جوداخوازی".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە راگەیێندراوێکدا کاردانەوەی بەرامبەر ئەو راپرسییە نیشاندا کە لە ژێر ناونیشانی "تێڕوانینی کورد بۆ ئامەدسپۆر و لایەنگریکردنی" لەلایەن هەریەک لە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی " (KSC) و "ناوەندی راپرسیی راوەست" بە هاوبەشی و پشتیوانیی دامەزراوەی فریدریش ئیبێرت کراوە.
ئەنجامەکانی راپرسییەکە
بەپێی ئەو راپرسییەی رۆژی 28ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە نێو نزیکەی 12.5 ملیۆن کوردی پێگەیشتوو، سێیەکیان پشتگیریی ئامەدسپۆر دەکەن. هەروەها 38%ـی بەشداربووان یانەکە وەک "نوێنەری ناسنامە" دەبینن، لە کاتێکدا تەنیا 24% وەک "تیمێکی تۆپی پێی ئاسایی" پێناسەی دەکەن.
باخچەلی: ئەمە کاری داردەستەکانی ئیمپریالیزمە
سەرۆکی مەهەپە راپرسییەکەی بە هەوڵێک بۆ ژەهراویکردنی کەشی ئاشتی و برایەتی لە وڵاتدا ناوبرد و گوتی: "ئەم کارە لەلایەن کەسانێکی خۆبەناو توێژەرەوە دەکرێت کە بووکەڵەی ئیمپریالیزمن؛ ئەوان دەیانەوێت خیانەتی جوداخوازی بە زیندوویی بهێڵنەوە."
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە پێچەوانەی پڕۆژەی "تورکیای بێ تیرۆرە" و ئاماژەی بەوە کرد کە پەسندکردنی یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی) بە دەنگی 467 پەرلەمانتار، نیشانەی کۆدەنگیی تورکیایە لەسەر ئاشتی و یەکگرتوویی.
وەرزش و ناسنامە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باخچەلی داوای لە بەڕێوەبەرانی ئامەدسپۆر کرد کە "هەستیار بن" و رێگە نەدەن وەرزش بۆ مەرامی سیاسی و جیاکاری بەکاربهێندرێت. ئەو گوتی: "ئامەدسپۆر یانەیەکی تورکیایە و لە سوپەرلیگ یاری دەکات، تێکەڵکردنی وەرزش و ناسنامە بە بیانووی راپرسییەکی نادیار، لەدەستدانی هۆشە و بوختانێکی گەورەیە."
سەرۆکی مەهەپە داوای کرد هەموو یانە وەرزشییەکان بەپێی گیانی یەکگرتوویی بجووڵێنەوە و خۆیان لەو هەڵوێستانە بەدوور بگرن کە رەنگە گرژییە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاد بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)