رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵبوونیان بە سوپای سووریا دەکات. دەشڵێت، "پێویستە لاپەڕەی تیرۆر بۆ هەمیشە دابخرێت."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە بیشکەک، لە ناو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە کە یاوەری بوون لەم سەردانەیدا. تیشکی خستە سەر پرسە گەرمەکانی ناوخۆی تورکیا و سووریا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و چاوەڕوانییەکان بۆ چەکدانانی پەکەکە، ئەردۆغان رایگەیاند، دیاریکردنی کات بۆ ئەم جۆرە پرۆسانە کارێکی دروست نییە و گوتی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، زیاتر لەوەی بابەتێکی پەیوەست بێت بە کات، پرسێکی ستراتیژی و ئامانجە. ئێمە وەک دەوڵەت نهخشەڕێگە و پلانمان هەیە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، دەبێت رێکخراوەکە (پەکەکە) بە کردەیی چەک دابنێت و هەڵوەشێتەوە."
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە گۆڕانکارییەکانی سووریا کرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەربڕی و گوتی: "بڕیاری تێکەڵبوونی هێزەکان لە ناو سوپای سووریا بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین. ئێمە وەک وڵاتێکی دراوسێ کە سنوورێکی درێژمان لەگەڵ سووریا هەیە، چاودێری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەین."
ئەردۆغان ستایشی بەڕێوەبردنی قۆناخەکەی لەلایەن ئەحمەد شەرع کرد و گوتی: "ماشاڵڵا، ئەحمەد شەرع بە سەرکەوتوویی قۆناخە سەختەکان بەڕێوە دەبات. ئێمە ئومێدمان بە دەستکەوتەکانی گەلی سووریا هەیە و پێمانوایە سەردەمی چەک و تووندوتیژی کۆتایی هاتووە."
سەبارەت بە گۆڕانی هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر سووریا، ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەوەی تورکیا ساڵانێکە دەیگوت، ئەمریکا ئێستا درکی پێکردووە. دەرکەوت سووریا نابێتە گۆڕەپانی تەراتێنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان. داوا لە وڵاتانی دراوسێ و دۆست دەکەم هاوکاری سووریا بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان."
هۆشداری تووند بۆ یۆنان
لەبارەی جووڵە سەربازییەکانی ئەسینا لە دەریای ئیجە، ئەردۆغان هۆشداری دا و گوتی: "با کەس وا تێنەگات دانبەخۆداگرتنی تورکیا نیشانەی لاوازییە. یۆنان دەبێت لەو رێگە هەڵەیە بگەڕێتەوە و واز لە پڕچەککردنی ئەو دوورگانە بهێنێت کە پێگەی ناسەربازییان هەیە."
ئەردۆغان باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کرد و جەختی لە پێویستی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کردەوە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای رەش و گواستنەوەی دانەوێڵە.
هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی تورکیا، سعودیە و پاکستان کرد لە ئیستەنبووڵ و جەختیکردەوە "هاوپەیمانی مەککە" بۆ سەقامگیری ناوچەکەیە. گوتیشی: "ئەم هاوپەیمانییە لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگری و هاوئاهەنگیی سەربازیی هەنگاوی کردەیی دەنێت."


.jpg&w=3840&q=75)
