رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر بەکارهێنانی دەستەواژەی "چوار پارچەی کوردستان" لەلایەن هاوسەرۆکی دەم پارتییەوە دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، هەر گوتارێک خزمەت بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی نەکات، تەنیا ئاژاوە دروست دەکات و هیچ سوودێکی بۆ پڕۆسەی چارەسەری نابێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی چوارشەممە 2-9-2026، لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی شانگەهای لە قرغیزستان، لە ناو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. ئەردۆغان تیشکی خستە سەر لێدوانەکانی ئەمدواییەی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو پارتە.
"چاوپۆشی لەو دیدانە ناکەین کە زیان بە برایەتی دەگەیێنن"
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو لێدوانانەی نیگەرانی کردوون، گوتی: "دەبێت راستگۆ بین و ژیرانە بجووڵێینەوە. چاوپۆشی لەو دید و بۆچوونانە ناکەین کە زیان بە برایەتیی گەل دەگەیێنن و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بریندار دەکەن. رەنگە هەندێک کەس کە خاوەنی ناسنامەی سیاسین، لێدوانی بێسەروبەر بدەن، یان مەبەستیان تێکدانی پڕۆسەکە بێت."
ئەردۆغان جەختی لەسەر ستراتیژیی حکومەتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێمە بەرەی ناوخۆ بەهێز دەکەین و لەگەڵ جیاوازییەکانماندا لەسەر بنەمای هاوبەشی تورکیا یەکدەگرین، کە ناومان ناوە 'سازانی گەورەی تورکیا'."
هاتیمئۆغوڵڵاری چی گوتبوو؟
ئەم کاردانەوەیەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات کە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی گەریلایەکی پەکەکەدا، دەستەواژەی "چوار پارچەی کوردستان"ی بەکارهێنا و رایگەیاند: "لە ئەنجامی ئەو خەباتەی 50 ساڵە بەردەوامە، ئیدی کەس ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی کورد بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتارەکەیدا سەرەخۆشی لە گەلی کورد کردبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو کە خەباتی گەلی کورد بۆ ژیانێکی سەربەرزانەیە لە ناوچەکەدا.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییە لێدوانیانە، هەم بەرپرسانی ئاکپارتی و هەم دەم پارتی لە پەیامە فەرمییەکانیاندا بەردەوام جەخت لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی چارەسەری دەکەنەوە، بەڵام ئەم جۆرە پێکدادانە گوتارییانە نیشانەی هەستیاریی پڕۆسەکە و بوونی جیاوازییە لە دیدگای هەردوولادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا.

.jpg&w=3840&q=75)

