رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستاندا رووبەرێکی 350 دۆنمی کە ساڵانێکە ناوچەی سەربازی بووە و کەس نەیتوانیوە بچێتە ناویەوە، دەخرێتە خزمەتی خەڵکەوە.
یەکەمین هەنگاوی گەڕاندنەوەی ناوچەیەکی سەربازی کە 350 دۆنم پانتاییەکەیەتی، لەلایەن شارەوانیی چەولیگەوە نرا.
ئەردال ئاریکان، سەرۆکی شارەوانیی چەولیگ سەردانی ئەو ستافەی کرد کە دەستیان بە رووخاندنی دیوارەکانی ئەو ناوچە سەربازییە کردووە و گوتی:" نزیکەی 20 دۆنم بەبێ هیچ مەرجێک رادەستی شارەوانییمان کراوە و ئێمەش بۆ ئەوەی بیکەینە پرۆژە، دەستمان بە رووخاندنی دیوارەکان کرد".
پڕۆژەکە بە چوار قۆناخ جێبەجێ دەکرێت
ئامانجی یەکەمی پڕۆژەکە کە بڕیارە بە چوار قۆناخی سەرەکی جێبەجێ بکرێت، دابینکردنی بودجەی پێویستە بۆ قۆناخی یەکەم، ئەویش لە رێی سوودوەرگرتن لەو 20 دۆنمەی کە رادەستی شارەوانی کراوە.
دوای جیاکردنەوەی رێگەوبان و شوێنە گشتییەکان، بڕیارە شوێنی نوێی بازرگانی لە ناوچەکەدا دروست بکرێت، بازاڕی ئێستای شارەکە فراوانتر بکرێت و بەمەش هاوکاریی ئابووریی شارەکە بکرێت.
دوو لەسەر سێی ناوچەکە دەبێتە پرۆژەی گشتی
پێشبینی دەکرێت نزیکەی دوو لەسەر سێی ناوچە 350 دۆنمییەکە، جگە لە پارک و رووبەری سەوزایی، بۆ شوێنی فێربوون، ئایینی و ناوەندی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە هاونیشتمانیان تەرخان بکرێت.
سەرۆکی شارەوانی، ئەردال ئاریکان گەڕاندنەوەی ئەو ناوچە سەربازییەی بۆ سەر شارەکە بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و گوتی :" ئەم ناوچە فراوانە کە ساڵانێکی زۆر خەڵک لە پشتی دیوار و تەلە دڕکاوییەکانەوە سەیری دەکرد، ئێستا بووە ماڵی چەولیگ و خەڵکەکەی. ئەم دیوارانەی ئەمڕۆ دەڕووخێندرێن، تەنیا سنوورێکی فیزیکی لەناو نابەن، بەڵکو رووبەرێکی نوێ لەبەردەم شارەکەماندا دەکەنەوە. ئەمە هەنگاوی کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتای گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی شارسازییە".
بەگوێرەی پلانی شارەوانیی چەولیگ، پڕۆژەکە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، بەبێ ئەوەی بارگرانیی دارایی بۆ سەر بودجەی شارەوانی دروست بکات.
.jpg&w=3840&q=75)


