رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی برایەتیی 86 ملیۆن هاووڵاتی و پاراستنی چارەنووسی هاوبەشمان."
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە رێوڕەسمی (هەفتەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)) لە ئەستەنبووڵ کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان داوای کرد "ئوممەتی محەممەد" وەک خشتی دیوارێک بەیەکەوە تووندبن و ناکۆکییەکانیان کەمبکەنەوە؛ گوتیشی: "هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارامە لە ناوچەکەماندا. نەک تەنیا لە دەرەوە، بەڵکو لە ناوخۆی تورکیاشدا کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی برایەتیی 86 ملیۆن هاووڵاتی و پاراستنی چارەنووسی هاوبەشمان."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە ناوچەکە بە قۆناخێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت و گوتی: "لە فەلەستینەوە تاوەکو لوبنان، سوودان و سۆماڵ، زۆربەی ئەو جوگرافیایانەی دڵمان بۆیان لێدەدات، ساڵانێکە لەنێو شەڕ و ناسەقامگیریدا دەتلێنەوە."
ئەردۆغان رەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "تۆڕی جینۆسایدکار، غەززەیان گۆڕیوە بۆ گەورەترین گۆڕستانی منداڵان لە جیهان. لەوێ تەنانەت کۆلارەی منداڵانیش وەک هەڕەشە دەبینرێت و رێگریی لێدەکرێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 1.3 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش کوژراون.
ئەردۆغان هۆشداریدا لە مەترسییەکانی "زایۆنیزم" و گوتی: "ئەم ئایدیۆلۆژیایە داگیرکەرە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێیەکانی، بەڵکو هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکەن."
هەروەها بەراوردی دۆخی ئێستای کرد لەگەڵ تاوانە مێژووییەکان و گوتی: "لە مێژووی نزیکدا جیهان لەئاست هیتلەر و پۆڵ پۆت بێدەنگ بوو، باجەکەشی سڤیلەکان دایان. ئەمڕۆ هەمان هەڵە لە غەززە و لوبنان دووبارە دەبێتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی پێویستی نییە."


