رووداو دیجیتاڵ
دوران کالکان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چووەتە قۆناخێکی هەستیار و کردارییەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت رۆڵی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی هەنگاوەکاندا هەبێت. دەشڵێت: "هیچ ئاژاوەگێڕییەک ناتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم پێشڤەچوونی پرۆسەکە."
دوران کالکان، ئەندامی ئەکادیمیای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا (10ـی ئاب) و کۆبوونەوەی دەستەی بەدواداچوونی پرۆسەکە (24ـی ئاب)، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوی کرداریی گرنگ هەژمار دەکرێن.
کالکان هەنگاوی پێکهێنانی چوار لیژنەی نوێی لەلایەن دەوڵەتەوە بە گرنگ وەسف کرد، بەڵام تێبینیی لەسەر ناڕوونیی کارەکانیان هەبوو و گوتی: "دەبینرێت هەنگاوی خێرا لەلایەن دەوڵەتەوە هەیە، بەڵام هێشتا چوارچێوەی کارکردنی لیژنەکان و ئەندامەکانیان روون نین؛ هیوادارین بەمزووانە ئاشکرا بکرێن تاوەکو پرۆسەکە بە گشتگیریتر تاوتوێ بکرێت."
ئەو چوار لیژنەیەی دامەزراون بریتین لە: لیژنەی هاوئاهەنگیی کاروباری دادوەری و یاسایی، لیژنەی بەدواداچوون و دەستنیشانکردن، لیژنەی گونجاندن و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و لیژنەی چەکداماڵین و هاوئاهەنگیی ستراتیژی.
"ژینگەیەک بۆ کارکردنی ئۆجەلان بڕەخسێندرێت"
دوران کالکان جەختی لەسەر پێویستیی باشکردنی مەرجەکانی ژیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردەوە و رایگەیاند، دەبێت "ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردنی ئۆجەلان بڕەخسێندرێت" تاوەکو بتوانێت راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات. گوتیشی، سەرەڕای هەوڵی لایەنە "نەژادپەرستەکان" بۆ تێکدانی ئەم کەشە، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز بۆ بەردەوامیدان بە ئاشتی هەیە.
پێشتر پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئاشکرای کردبوو کە ئۆجەلان لە یەکێک لەو چوار لیژنە نوێیەی حکومەتدا رۆڵی پێدەسپێردرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فەرمیبوونی زیاتری پێگەی ئۆجەلان لە گفتوگۆکاندا.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)