رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی بڕیاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بڕیاری دا 49 ئەندامی پارتەکە رەوانەی لیژنەی پابەندکاری بکات بە مەبەستی دوورخستنەوەیان. جەهەپە ئەو ئەندامانە تۆمەتبار دەکات بەوەی "لە ناو پارتەکە ماونەتەوە، بەڵام کار بۆ پارتی نوێی ئۆزگور ئۆزەل دەکەن."
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتەکەی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک لە ژێر ناوی (سەرەڕای ئەوەی لە ریزەکانی پارتی نوێ سیاسەت دەکەن، لە جەهەپەشدا ماونەتەوە) تاوتوێ کرا و بڕیار درا رێکاری یاسایی دژی 49 ئەندام و بەرپرسی پارتەکە بگیرێتەبەر.
بەپێی زانیارییەکان، لە نێو ئەو کەسانەی رووبەڕووی سزای دوورخستنەوە بوونەتەوە، چەندین کەسایەتیی ناسراو و دیاری جەهەپە هەن، لەوانە: سێلین سایەک بۆکە، ئیلهان جیهانەر و ئایلین نازڵیئاکا. جەهەپە دەڵێت، ئەم کەسانە هێشتا ئەندامی فەرمیی پارتەکەن، بەڵام لە پشت پەردەوە کار بۆ سەرخستنی "پارتی نوێ" دەکەن.
موسلیم ساری، گوتەبێژی جەهەپە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "کێبڕکێی ناوخۆیی ئاساییە، بەڵام نابێت هیچ کەسێک زیان بە ناسنامەی یاسایی جەهەپە بگەیێنێت. دەرکەوتووە چەند کەسایەتییەک کە پێشتر لە پۆستە گرنگەکاندا بوون، ئێستا کار بۆ پارتێکی دیکە دەکەن، بۆیە بە شێوەیەکی کاتی رەوانەی لیژنەی پابەندکاری کراون."
قەیرانی ناوخۆیی جەهەپە دوای ئەوە قووڵتر بووەوە، کە لە 21ـی ئایاری 2026 دادگەی ئەنقەرە بڕیاری دا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە (کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل ببووە سەرۆک) پووچەڵ بکاتەوە. بەو بڕیارە، ئۆزگور ئۆزەل لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو گەڕایەوە سەر کورسیی سەرۆکایەتیی جەهەپە.
دوای دوو مانگ لەو بڕیارە، ئۆزگور ئۆزەل جیابوونەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و "پارتی نوێ"ی دامەزراند. ئێستا پارتی نوێ بە هەبوونی 91 پەرلەمانتار، بووەتە دووەمین هێزی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیا، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر جەهەپە و وایکردووە پارتەکە دەست بە "پاکسازیی" ناوخۆیی بکات.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
