رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا، دوای لێدوانە مشتومڕاوییەکانی لەسەر ئازەربایجان، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دواتر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئەمرۆ دووشەممە، 26-10-2026 ئۆکتای ساراڵ، راوێژکاری باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بەهۆی لێدوانەکانی لە دژی قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە ئازەربایجان بووە جێی مشتومڕ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەواڵی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بڵاوبووەوە.
ساراڵ لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی لە قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە ئازەربایجان گرتبوو و نووسیبووی: "رێگریکردن لە مافی خوێندنی قوتابییە باڵاپۆشەکان لە ئازەربایجان جێی قبوڵ نییە. مافی خوێندن ناکرێت بکرێتە قوربانیی هیچ سەپاندنێکی ئایدیۆلۆژی."
ئەم قسانەی سەراڵ لە ئازەربایجان مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئێوارەی یەکشەممە، 25-10-2026 هەواڵی دوورخستنەوەی ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان لە میدیاکان بڵاوکرایەوە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورخستنەوەی، ساراڵ لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: "بۆ پاراستنی پەیوەندییە هەستیارەکانمان لەگەڵ ئازەربایجان، ئاساییە کە هەندێک بڕیار بدرێت."
دوای ئەو لێدوانە، ئۆکتای ساراڵ لە پۆستێکی نوێدا لە هەژماری ئێکس دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە فەرمی راگەیاند و نووسی: "ئەمڕۆ، لە پۆستی راوێژکاری باڵای بەڕێز سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە ساڵی 2016ـەوە بە شانازی و شەرەف و بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە رایدەپەڕێنم، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد."
چی روویدا بوو؟
لە تشرینی یەکەمی 2026، لە نێوان تورکیا و ئازەربایجان کە خاوەنی دروشمی "دوو دەوڵەت، یەک نەتەوە"ن، قەیرانێکی دیپلۆماسیی لەسەر باڵاپۆشی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی روویدا.
قەیرانەکە بەهۆی ئەو رەخنە تووندانەوە سەریهەڵدا کە لەلایەن هەندێک سیاسەتمەدار، نووسەر و بەرپرسی حکومیی تورکیاوە لەسەر رێنماییەکانی پۆشینی جلوبەرگ لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانی ئازەربایجان (کە لەنێو رای گشتیدا بە "قەدەخەی باڵاپۆشی" ناسراوە) گیران.
دوای ئەوەی ئۆکتای ساراڵ، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا، قەدەخەکەی بە "جێگەی قبووڵنەکردن" ناوبرد، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت، راگەیێندراوێکی زۆر تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ دەوڵەتێک: ناتوانێت دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئازەربایجان وەربدات.


