رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راوەشاندنی کیسەی زەرد (ئەو کیسەی تەرمی گەریلای پێ دەگوازرایەوە) لە یاریی نێوان کۆجائەلی سپۆر و ئامەدسپۆر، بڕیاری بەندکردن لەنێو ماڵەکانی خۆیان بۆ 5 هاندەری یانەی کۆجائەلی سپۆر دەرچوو.
لە یاریی نێوان کۆجائەلی سپۆر و ئامەدسپۆر کە شەوی دووشەممە 24-08-2026 بەڕێوەچوو، گرووپێک لە هاندەرانی کۆجائەلی سپۆر لە یاریگەدا کیسەی زەردیان دژی هاندەرانی ئامەدسپۆر راوەشاند، کە هێمایە بۆ ئەو کیسانەی سوپای تورکیا لە گواستنەوەی تەرمی گەریلاکانی پەکەکەدا بەکاری دەهێنا.
دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دامەزراوە دادوەرییەکان راستەوخۆ چوونە سەر هێڵ و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆجائەلی رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پێنج کەس دەرکراوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-08-2026 ئەو پێنج کەسە بە بڕیاری دادگە، لە ماڵەکانیان بەندکران.
راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لەو بارەیەوە دەڵێ، "پێش دەستپێکردنی یاریی نێوان کۆجائەلی سپۆر و ئامەدسپۆر کە لە یاریگەی تورکا کۆجائێلی بەڕێوەچوو، تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان بەرامبەر ئەو گومانلێکراوانە دەستیپێکرد کە لە شوێنی هاندەرانی کۆجائەلی سپۆر بە راوەشاندنی کیسەی زەرد، نەژادپەرستیان کرد."
ئەو هەڵسوکەوتە بەگوێرەی مادەی 216ی یاسای سزادانی تورکیا ژمارە 5237 بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە و دووژمنکاری، هەروەها بەگوێرەی مادەی 14ی یاسای ژمارە 6222 بە تۆمەتی 'هوتافکێشانی تووندوتیژانە، هەڕەشە یان سووکایەتیپێکردن' حوکمی دەکەوێتە سەر.
کیسەی زەرد چییە؟
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا وا باوە تەرمی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی پێ دەگوازرێتەوە، زۆر جار وەک ئاماژەیەکی نەژادپەرستانە و هەڕەشە دژی کورد بەکاردەهێندرێت.
ساڵانی پێشتریش بە هەمان شێوە ئاماژەی هاوشێوە دژی ئامەدسپۆر نیشاندراوە، بەتایبەتی پار چەند جارێک وێنەی ئۆتۆمبیلی جۆری تۆرۆسی سپی بەرزکرایەوە کە ئەمەش کوردی نیگەران کرد و چەندین جار بووە دۆسیەی دادگە.
تۆرۆسی سپی چییە؟
سەرەتای ساڵانی 1990 لە باکووری کوردستاندا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە کوژران. ئەو تاوانانە وەک دۆسیەی تاوانە بکەر نادیارەکان چوونە مێژووەوە.
زۆرجار بۆ ئەو تاوانانە ئۆتۆمبیلی جۆری تۆرۆسی سپی بەکاردەهێندرا. بە جۆرێک لەو سەردەمەدا خەڵک لەو جۆرە ئۆتۆمبیلە تۆقیبوون، چونکە لەگەڵ دەرکەوتنیان، خەڵکیان دەڕفاند یانیش دەیانکوشتن.
ئاکپارتی کە ساڵی 2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانی دامەزرا و ساڵێک دواتر حکومەتی وەرگرت، رەخنەی تووند لەو سەردەمە دەگرێ و بە سەردەمی تاریکی ناوی دەبات.



